ئۆجەلان: پەكەكە دەیەوێت ڕێگە لە سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردستان بگرێت

هەولێر-KDP.info- (عوسمان ئۆجەلان) رایگەیاند، هەموو تاكێكی كورد چاوی لەسەر هەرێمی كوردستانە، گەلی كوردیش دەیەوێت لە ڕێگەی باشووری كوردستانەوە، بە هیوا و ئاواتەكانی خۆی بگات، بەڵام پەكەكە دەیەوێت دەست بخاتە ناو ئەو بەشەوە و ڕێگە لە سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردستان بگرێت.
(عوسمان ئۆجەلان) سیاسەتمەداری كورد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەو شەڕەی پەكەكە دەیكات، جێگەی گومانە، چونكە وەك ئێمە دەزانین لە باكووری كوردستان، لە هەندێك شاری وەك دیاربەكر، هەكاری و چەند ناوچەیەكی دیكە، كە ئەوانە ناوەندی بزاوی نەتەوەیین، ئەمڕۆ شەڕ لەو شارانە بەردەوامە، ئێستا زۆر شوێن هەن كە دانیشتووانەكەیان هەموو كوردن، دۆخی ئەو ناوچانە خراپتر بووە و خەڵكی شوێنەكانی خۆیان جێ هێشتووە، كە لەو ماوەیەدا بە دەیان گەنجی كورد كوژراون، لێرەیشدا زەرەرمەندی یەكەم گەلی كوردە لەو بەشەی كوردستان، چونكە لەو شەڕەدا جگە لە زیانگەیاندن بە ماڵ و حاڵی گەلی كورد هیچی دیكە بەرهەم نایەت".
(ئۆجەلان) گوتیشی: "ئەگەر پەكەكە بیەوێت بە شەڕ توركیا لاواز بێت، توركیا بەوە لاواز نابێت، بەڵكو بە پێچەوانەوە كورد لەو ناوچانە كە هەموو ناوچەی كوردنشینن و ماڵ و حاڵی خۆیان جێ هێشتووە و ڕوویان لە ناوچەكانی دیكە كردووە، كورد لاواز بووە، ئەوەیش لە بەرژەوەندیی توركیادایە".
ئەو سیاسەتمەدارە دەشڵێت: "پەكەكە باكوری كوردستانی تێك داوە، ئیدی زۆر زەحمەتە جارێكی دیكە باكووری كوردستان وەك خۆیی لێ بێتەوە و ئارام بێت، هەروەها لە باشووری كوردستان، كە هەموو تاكێكی كورد چاوی لەسەر ئەو بەشەیە و گەلی كورد دەیەوێت لە ڕێگەی ئەو بەشەوە بە هیوا و ئاواتەكانی خۆی بگات، بەڵام پەكەكە دەیەوێت دەست بخاتە ناو ئەو بەشە و ڕێگە لە سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردستان بگرێت، كە ئێستا نایانەوێت هێزەكانی خۆیان لە شنگال ببەنە دەرەوە، ئەوەیش بۆ ئەوەیە كە كێشە و ئاڵۆزی دروست بكەن و ئەو ناوچانە بكەنە كانتۆن، بۆیە من لەو باوەڕەدام ئەگەر ئەو هێزانە لە ماوەیەكی نزیكدا لەو ناوچانە وەدەر نەرنێن، كێشە و ئاڵۆزیی زۆر زیاتر دروست دەكەن".
رابین شێروانی




