٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هۆڵەندا تیمێكی راوێژكاری سەربازی رەوانەی هەرێمی كوردستان دەكات

سەرچاوە: KDP.info

هۆڵەندا-KDP.info- حكوومەتی هۆڵەندا ڕایگەیاند، بەنیازە تیمێكی تایبەتی راوێژكاری سەربازی رەوانەی هەرێمی كوردستان بكات، بە مەبەستی مەشق و راهێنان بە هێزی پێشمەرگە بۆ رووبەڕووبوونەوەیان لە دژی تیرۆریستانی داعش.

(هێنز پلاسچێرت)، وەزیری بەرگریی هۆڵەندا، بە پەرلەمانی وڵاتەكەی راگەیاندووە، ئەم هەفتەیە سوپای هۆڵەندا 25 راوێژكاری سەربازی رەوانەی هەرێمی كوردستان دەكات بۆ زیاتر مەشقپێكردنی پێشمەرگە و ئامادەكردنیان بۆ ئۆپەراسیۆنی ڕزگاركردنی مووسڵ.

هەروەها وەزیری بەرگریی هۆڵەندا ئاشكرای كردووە، ئەو 25 راوێژكارە لە نزیك سەنگەرەكانی پێشمەرگە جێگیر دەكرێن و، بەشدار نابن لە هیچ رووبەڕووبوونەوە و شەڕێكدا.

(پلاسچێرت) گوتیشی، راوێژكارە هۆڵەندییەكان، پێشمەرگە لەسەر ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی مەشق پێ دەكەن.

لە سەرەتای مانگی شوباتی ئەمساڵەوە، نزیكەی 100 راوێژكاری هۆڵەندایی لە هەولێرن بۆ مەشق و راهێنان بە هێزی پێشمەرگەی كوردستان.

هۆڵەندا، ئەندامی هاوپەیمانەتیی نێودەوڵەتییە دژ بە داعش بە سەرۆكایەتیی ئەمەریكا، هەر لەو چوارچێوەیەدا راوێژكارە سەربازییەكانی مەشق و راهێنان بە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان دەكەن.

هەواڵی پەیوەندیدار