٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئێمینكی: كۆماری كوردستان، دەستكەوتێكی مێژوویی و پڕئەزموون بوو

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- دكتۆر (جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی) جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، لە پەیامێكدا ڕایگەیاند: "هەرچەندە كۆماری كوردستان كەمتەمەن بووە، بەڵام دەستكەوتێكی مێژوویی و پڕئەزموون بووە كە هەمیشە گەلی كوردستان شانازیی پێوە دەكات".

ئەمەیش دەقەكەیەتی:

ئەمڕۆ یادی 69 ساڵەی لەسێدارەدانی هێمای بەرخودان پێشەوا (قازی محەممەد) و هاوڕێیانی دەكەینەوە، كە گیانی خۆیان فیدای ئازادیی گەلەكەیان كرد.

   بێگومان كۆماری كوردستان لە مەهاباد لە رۆژگارێكدا دامەزرا كە گەلی كورد لە ژێر ستەمی دوژمنانیدا دەیناڵاند و خەونی بە ئازادی وسەربەخۆیی دەدیتەوە و پێشەوا ئەو خەونەی هێنایە دی، بەڵام بە هۆی هاوكێشە نێودەوڵەتییەكان و پیلانەكانی ئەو دەمەی دوژمنانی كورد، تەمەنی ئەو كۆمارە تەنیا 11 مانگی خایاند و زلهێزەكان كۆتاییان بەو هیوا و خواستەی گەلی كوردیان هێنا. هەرچەندە كۆماری كوردستان كەمتەمەن بووە، بەڵام دەستكەوتێكی مێژوویی و پڕئەزموون بووە كە هەمیشە گەلی كوردستان شانازیی پێوە دەكات، گرینگیی ئەو دەستكەوتەیش لەوەدایە كە نەك تەنیا كوردانی رۆژهەڵاتی كوردستان، بەڵكو كوردانی هەموو پارچەكانی كوردستان بەشدارییان تێدا كرد و باشووری كوردستانیش بە سەركردایەتیی (بارزانی نەمر) بەشدارییەكی كاریگەری تێدا كرد و پێشەوا (قازی محەممەد) ئاڵای كوردستانی بە ئەمانەت دایە دەستی (بارزانی نەمر). ئەمڕۆیش ئەم ئاڵایە لە هەموو كوردستان دەشەكێتەوە و گەلی كورد بە چاوێكی پڕ لە هیواوە دەڕوانێتە ئەو ئامانجانەی كە كۆماری كوردستان لە پێناویاندا بونیات نرا بۆ بەدیهێنانی گشت مافەكانی لە ئازادی و سەربەخۆییدا.

   لەم یادەدا هیواخوازین ئەو ئامانجەی پێشەوا گیانی خۆی لە پێناویدا فیدا كرد، پەیڕەو بكەینەوە و پەند لە پەیامەكەی وەربگرین، پەیامی داكۆكیكردن لە خەباتی نەتەوەیی و یەكڕیزیی گەلی كورد تا گەییشتن بە سەرجەم مافە رەواكانی و وەسیەتەكەی لە یاد نەكەین كە فەرموویەتی:" لە دوژمنایەتیكردنی یەكتر دەست هەڵگرن، یار و یاوەری یەكتر بن، پشت بە یەكتر ببەستن و لە بەرامبەر دوژمنی زۆرداردا ئازایانە رابوەستن".

سڵاو لە گیانی پاكی پێشەوا (قازی محەممەد) و سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاریخوازی كوردستان.

دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان

31/3/2016

 

هەواڵی پەیوەندیدار