٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەركردەیەكی تەڤدەم: پەیەدە هیچ كارێكی نەتەوەییان نەكردووە.. بڕیارەكانیان ڕاست نین

سەرچاوە: KDP.info

ڕۆژئاوای كوردستان -KDP.info- نوێنەری تەڤگەری چاكسازیی كوردی سووریا لە هەرێمی كوردستان دەڵێ: "پەیەدە هێشتا كارێكی نەتەوەیی نەكردووە و هیچ شتێكی بۆ بەدەستهێنانی مافی كورد ئەنجام نەداوە، بۆیە هیچ بڕیارێكی ئەوانمان پێ راست نییە".

(جەدعان عەلی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارەكانی پەیەدە لە ڕۆژئاوای كوردستان دروست نین؛ ئاخر تاكلایەنانە بڕیار دەدەن بەپێی ئایدۆلۆژیای پەكەكە، جا ناكرێت حزبێك تەنیا بڕیار لە چارەنووسی گەلێك بدات، تاوەكو ئێستا لەو ناوچانە ڕژێم هەموو دامودەزگای حكوومی و حزبی و ئەمنییەكانی جارانی ماوە و، دەستەڵاتی تەواوی بەسەریاندا هەیە."

(جەدعان) ڕوونیشی كردەوە: "كاتێك ڕێككەوتنێكی كوردی نەبێت و یەكهەڵوێست نەبن لەبارەی پاشەڕۆژی سووریا و ناوچە كوردنشینەكانەوە، ئێمە بە شتێكی دروستی نازانین؛ پەیەدە سەرەتا ئیدارەیەكی خۆجێیی ڕاگەیاند و، دوایی كردی بە كانتۆن و، ئینجا كردیانە ئەنجوومەنی سووریای دیموكرات و، ئێستایش باسی فیدراڵی دەكەن!".

نوێنەری تەڤگەری چاكسازیی كوردی سووریا لە هەرێم دەیشڵێت: "(ئیلهام ئەحمەد) سەركردەی تەڤدەم گوتوویەتی ئێمە فیدراڵییەكی گەورەمان ڕاگەیاند، بەڵام هەندێك برادەر دەیانەوێت بیكەنە نەتەوەیی و ڕەنگی نەتەوەیی لێ بدەن و بچووكی بكەنەوە، جا بەو قسەدا دیارە ئەو فیدراڵییە هیچ شتێكی نەتەوەیی تێدا نییە و، بە ڕاستی نازانین؛ ئاخر پەیەدە تاوەكو ئێستا كارێكیان نەكردووە نەتەوەیی بێت و، هیچ كارێكیان بۆ بەدەستهێنانی مافی كورد ئەنجام نەداوە".

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار