مەحما خەلیل: "لە یەبەشە قەبووڵ ناکەین؛ بەغدا ناردوونی تا شنگال ئاوەدان نەکرێتەوە"

یەبەشە، داتاشراوێکی دیکەی پەکەکە کە تایبەت بە شنگال نێردراون، وەک چاودێرانی سیاسی دەڵێن، ئەمانە بۆ نانەوەی پشێوی لە شنگال و جێبەجێکردنی ئەجێندای پەکەکە و دەستێکی دەرەکی هاتوون و، بەغدایش لە پشتیانەوەیە بۆ نانەوەی پشێوی لە ناوچەکەدا، پێوەست بەم پرسه، قایمقامی قەزای شنگال (مەحما خەلیل) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێش ئەوەی یەپەشە و یەپەگە و ھاوشێوەکانی دروست بێت پێش سەدان ساڵ شنگال بەشێکی دانەبڕاو بووە لە کوردستان لە ڕووی یاسایی و دەستووری و نەتەوەییەوە و بە سەدان قارەمان شەھید کراون و، دەیان فەرمان بەسەر کوردانی ئێزدیدا ھاتووە لەبەر ئەوەی کورد بوونه و داوای مافی خۆیان کردووە."
)مەحما خەلیل) گوتیشی، نە یەپەگە و نە یەپەشە ناتوانن وا بکەن خەڵکی شنگال لە مافی کوردبوونی خۆیان خۆش بن؛ شنگالییەکان بەرگری لە کوردبوونی خۆیان دەکەن و ھەر کوردیشن.
كوردانی ئێزدی راستەوخۆ گرێدراوی مەینەت و ئازارەکانی کورد بوونە و، لە مێژوویشدا هەمیشە بە کوردی داوای مافەکانیان کردووە، لەسەر مکوڕبوونیان بۆ کوردایەتی چەندان فەرمانیان بەسەردا هاتووە، بۆیە ئێستا بە یەبەشە و داتاشراوەکانی دیکە کاروانی خەباتی کوردایەتی ئێزدییەکان ناوەستێ، بەڵکو ڕژدترن لەسەر کوردبوونیان و گەڕانەوەی شنگال بۆ سەر هەرێمی کوردستان. هەروەک (مەحما خەلیل) دەڵێ: ھەرکاتێک داوایان کرد جینۆسایدێکی دیکە بەسەر کوردانی ئێزدیدا بهێنن، یەبەشە با ئەوکات داوای ئەوە بکەن ئێمە سەر بە بەغدا بین، چونکە ٧٤ جینۆساید بەسەر کوردانی ئێزدیدا ھاتووە لەبەر ئەوەی کورد بوونە و داوایان ئهوه بووه له خاكی کوردستان دانهبڕێندرێن.
ئەو هێزەی کە نایاساییە و نادەستووریشە هاتووە لە شنگال خۆی داکوتێ، چارەنووسی باش نابێ، چونکە هێزێکی نا خاکی و بێگانە لەوێدا لەلای ئیزدییەکان بێگانەیە و دەشڵێن کە لێیانی قەبووڵ ناکەین، قایمقامی قەزای شنگال دڵنیایی دەدا، هەموو لایەک کە شنگال و شنگالییەکان دەیانەوێ بگەڕێنەوە سەر هەرێمی کوردستان و، "یەبەشە ھێزێکی ناقانوونی و نادەستوورییە و تەمسیلی خەڵكی شنگالیش ناکەن، چونکە خەڵکی شنگال بڕیار دەدات و، خۆیشیان داوا دەکەن بگەڕێنەوە سەر ھەرێمی کوردستان."
یەبەشە لەلای کوردانی ئێزدی هێزێکی تاوانبارە، چونکە وەک قیامقامی شنگال ئاشکرای دەکات، بەغدا ئەوانەی لە شنگال دروست کردووە بۆ ئەوەی تاوانی شنگال بە جینۆساید نەناسرێت و، شنگال ئاوەدان نەکرێتەوە و، کچ و ژنی شنگالی ڕزگار نەکرێن، ئەگەرنا تائێستا بەغدا ھیچ ھاوکارییەکی شنگالی نەکردووە.
(خەلیل) جەختیشی کردەوە، ''ئێمە لێیان قەبووڵ ناکەین و، تاوانبارن و، ناکرێت بەوشێوەیەیش بەردەوام بن.''
بڵند ئیبراھیم




