"پێشمەرگە بە چەکی کلاسیکی شەڕی داعش دەکات"

ئەمەریکا-KDP.info- لە گۆڤاری (زە نیویۆرکەر) دا، ڕۆژنامەنووس (ڕۆبن ڕایت)، ڕاپۆرتێکی لەسەر ئامادەیی پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی مووسڵ بڵاو کردەوە. ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، لە زۆر شوێنەوە داعش چەکی کیمیایی دژی پێشمەرگە و خەڵکی ناوچەکە بەکارھێناوە و دەنووسێت: "لە مانگی ئابەوە گازی خەردەل و کلۆرینی بەکار ھێناوە و دواجار لە مانگی ڕابردوودا بەکاری ھێناوەتەوە."
رۆژنامەنووسەکەی (زە نیویۆرکەر) سەردانی کەمپی سویفتی ئەمریکاییەکان لە بەرەی مەخموور و فەرماندەیی پێشمەرگە و سووپای عێراقی کردووە و ئاماژە بەوە دەکات کەمپی ئەمەریکاییەکان لە نزیک فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەوەیە و سەرەڕای نزیکیی زۆریان لە دوژمن، پێشمەرگەکان نەترسانە لە سەنگەرەکانن و زۆر بە ئاسایی دەجووڵێنەوە.
ئەوان تائێستا بە چەکی کلاسیکی ڕووسی شەڕیان کردووە و چەکی ئەمریکییان پێ نەگەیشتووە.. لەو بارەیەوە فەرماندەیەکی پێشمەرگە بە سەرچاوەکەی ڕاگەیاندووە کە ئەوان چەکی ئەمریکییان وەک دەستکەوتی شەڕ لەگەڵ داعش دەست کەوتووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە سوپای عێراق لە 2014ەوە چەکی نوێی ئەمریکییان پێدەگات.
سەبارەت بە کەمپی ئەمریکییەکانیش، ڕاپۆرتەکە لێدوانێکی کۆڵۆنێل سکۆت ئێم نوومان فەرماندەی کەمپی سویفتی بڵاو کردووەتەوە کە دەڵێ "ئەرکی ئێمە پێدانی ڕێنمایی شەڕە پێیان، لەگەڵ دەستەبەرکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ھێرشی ئاسمانی و تاکتیکی سەربازی". کۆلۆنێڵە ئەمریکییەکە ئاماژە بەوەش دەکات کە پێشمەرگە و فەرماندەیی سووپای عێراق ھەماھەنگییان پێکەوە هەیە. ھەروەھا باسی قوربانیی پێشمەرگەی کردووە کە 1300 شەھید و 7000 برینداریان ھەیە و لەگەڵ ئەوەشدا مووچەیان لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بڕاوە، کەچی سووپای عێراق بەشداریی لاواز بووە و مووچەشیان ھەیە.




