٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم: كە بنه‌مای شەراكەت نەما، كورسیی وەزارەت چ بەهایەكی دەمێنێت؟

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-  گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ڕایده‌گه‌ینێ، بەلای سەرۆك بارزانی گۆڕانكاریی وەزاری و كاندیدكردنی كەسی تازە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزاری یان لادانی وەزیرەكان لە حكوومەتی عێراقیدا بایەخێكی ئەوتۆی نەماوە، چونكە بنەمای شەراكەت لە حكوومەتی عێراقیدا پێشێل كراوە و مانای نەماوە. كە شەراكەتیش نەما كورسیی وەزارەت چ بەهایەكی دەمێنێت؟

ده‌قی ڕوونكردنەوەیەك لە گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان

لە ژمارەیەك میدیا و دەزگای ڕاگەیاندندا وا بڵاو كراوەتە كە لەبارەی پێشنیازەكان بۆ گۆڕانكارییە وەزارییەكان و لادانی وەزیرەكان و كاندیدكردنی كەسی تر بۆ پۆستە وەزارییەكانی حكوومەتی عێراقی، سەرۆكوەزیرانی عێراق پەیوەندی بە سەرۆك بارزانی كردووە. لێرەدا سەبارەت بە پێشنیازەكان بۆ گۆانكارییە وەزارییەكانی حكوومەتی عێراقی و هەڵوێستی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەمبارەیەوە، بە گشت لایەك ڕادەگەیێنین كە بەلای سەرۆك بارزانی گۆڕانكاریی وەزاری و كاندیدكردنی كەسی تازە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزاری یان لادانی وەزیرەكان لە حكوومەتی عێراقیدا بایەخێكی ئەوتۆی نەماوە، چونكە بنەمای شەراكەت لە حكوومەتی عێراقیدا پێشێل كراوە و مانای نەماوە. كە شەراكەتیش نەما كورسیی وەزارەت چ بەهایەكی دەمێنێت؟

هەروەها ئەوەیش ڕادەگەیێنین كە لە دوایین پەیوەندیی تەلەفۆنیی نێوان سەرۆك بارزانی و سەرۆكوەزیرانی عێراقی لە 26ـی 3ـی 2016ـیشدا بە هیچ شێوەیەك باسی پێشنیازەكان بۆ گۆڕانكاریی وەزاری لەنێوانیاندا نەكراوە. بەڵكو لە 28ـی 3ـی 2016 لەمبارەیەوە سەرۆككۆماری عێراق لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە سەرۆك بارزانی كردووە و، تێیدا سەرۆك بارزانی ناڕازی بووە لە نەمانی بنەمای شەراكەت لە حكوومەتی عێراقیدا.

گوتەبێژی فەرمی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان

29ـی 3ـی 2016

هەواڵی پەیوەندیدار