یاریدەدەری ئەمینداری یەكگرتوو: شەراكەتی راستەقینە نەماوە.. لە عێراقی یەكگرتوو بێهیوا بووین

سلێمانی-KDP.info- یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان دەڵێت، كورد هەموو شتێكی لەگەڵ عێراق قبووڵ كرد بۆ ئەوەی شەراكەتی راستەقینە لەو وڵاتەدا بێتە دی، بەڵام دەركەوت ئەوەی پێی دەگوترێت هاوبەشی، لە عێراقدا نییە.
(د. محەممەد ئەحمەد)، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "حكوومەتی عێراق بواری بۆ متمانە نەهێشتوەتەوە، شەراكەتێك نەماوە كە خەڵكی كوردستان وەك نەتەوەی دووەمی ئەم وڵاتە دڵی پێی خۆش بێت، ئێستایش جۆرێك لە بێمنەتی و حساببۆنەكردنی خواستەكانی گەلی كوردستان لە بەغداوە ئاراستە دەكرێت".
(د. محەممەد) گوتیشی: "ئێمە لە سەرەتاوە گوتوومانە كەی ئێوە پابەند بن بە دەستوور و شەراكەتی راستەقینە و دیموكراتی و تەوافوقی سیاسی، ئێمە لاریمان نییە كە پێكەوە كار بكەین، بەڵام كاتێك كە ئێوە پابەند نابن، ئێمەیش مافی خۆمانە پارێزگاری لە مافەكانی خۆمان و دەستكەوتەكانی خۆمان بكەین بۆ پاراستنی ئەمن و ئاساییش و ئۆقرەیی سیاسی".
یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی یەكگرتوو دهشڵێت، لە عێراقدا نەك شەراكەت نەماوە، بەڵكە شەراكەت هەر نەبووە، بەڵام گوتوومانە با لەگەڵ بەغدا هەڵبكەین و با قسەی دەوڵەتان نەیەتە سەر كورد، ئەگەرنا لە دوای ڕووخانی (سەددام)ـەوە ئێمە هەموو شتێكمان لەگەڵ عێراق جیا بوو، بەڵام بە ویستی خۆمان چووینەوە لەگەڵ عێراقدا حكوومەتمان پێك هێنا، چونكە گوتمان با ئەوەمان پێ نەڵێن كە كورد لە سەرەتاوە هۆكاری دابەشكردنی عێراق بووە، بەڵام ئێستا ئەوه بە ڕوون و ئاشكرایی دیارە كە چۆن مامەڵەمان لەگەڵدا دەكەن".
كارزان سەباح




