"كۆڕەو، ریفراندۆمێكی سەرتاسەری بوو بۆ كوردستان"

هەولێر-KDP.info- لە یادی 25ساڵەی كۆڕەوەكەی گەلی كوردستاندا، (مەحموود عوسمان) و (عەبدولڕەحمان سدیق) دەڵێن، كۆڕەو وێڕای ئەوەی كارەساتێكی مرۆیی بوو، لە هەمان كاتیشدا جووڵەیەكی بەكۆمەڵی سەرتاسەریی نەتەوەیەك بوو، ئەم كۆڕەوەیش باشترین ڕیفراندۆم بوو كە هاووڵاتیان یەكگرتوویی و سووربوونی خۆیان دژی ڕژێمی ڕووخاو و دیكتاتۆری بەعس نیشان دا.
لە بارەی رەهەندە سیاسییەكانی ئەم كۆڕەوەوە، (عەبدولڕەحمان سدیق) نووسەر و توێژەری كورد، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "كۆڕەو وێڕای ئەوەی كارەساتێكی مرۆیی بوو، لەهەمان كاتیشدا جووڵەیەكی بەكۆمەڵی گشتی و سەرتاسەریی نەتەوەیەك بوو كە زۆر مانا و ئاماژەی گەورەی تێدا بوو، كۆڕەویش خۆی لە خۆیدا رەتكردنەوەی زوڵم وستەم بوو لەلایەن گەلێكەوە كە ئامادە نەبوو لە ژێر دەستی رژێمێكی كۆكوژدا درێژە بە ژیان بدات، لە كۆڕەودا لە نێوان دووانەی نان و ئازادیدا، گەلی كوردستان ئازادیی هەڵبژارد و، چوونەدەرەوەیشی، خۆدەربازكردن بوو لە كۆت و بەندی دەسەڵاتێكی دژ بە ئازادی، كۆڕەو ریفراندۆمێكی سەرتاسەریی میللی بوو كە تیایدا گەلی كوردستان بە شێوازێكی نوێ، واقیعێكی دەیان ساڵەی سەپێنراوی رەت كردەوە و، لە هەمان كاتیشدا داوایەكی خۆڕسكانەیش بوو بۆ دیاركردنی مافی چارەنووسی خۆی".
(سدیق) لەبارەی ئەوەی كە چی بكرێت تا ئەم كارەساتە دووبارە نەبێتەوە، گوتی: "زۆرن ئەو هەنگاوانەی كە پێویستن لە دوای كۆڕەوی بەهاری ساڵی ١٩٩١ بگیرێنە بەر، لەوانە ئاگاداركردنەوەی بەردەوامی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەو راستییەی كە بەزۆر پێكەوەلكاندنی گەلان پڕۆسەیەكی كارەساتهێنە و، گەلانی ئازادیخواز دەكاتە قوربانیی دەستی ستەمكاران، دابینكردنی مافی بڕیاردانی چارەنووس بۆ گەلی كوردستان و، پێدانی هەلی ئەنجامدانی ریفراندۆم، مافی هەبوونی دەوڵەتێكی سەربەخۆ بۆ گەلی كوردستان، ئەو گەلەی كە بە كردەوە ئاشتی و پێكەوەژیانی سیاسی و ئایینیی بەرجەستە كردووە وەك جوانترین نموونە لەم ناوچەیەدا".
ئەو هەروەها سەبارەت بە كاریگەرییەكانی كۆڕەو بەسەر رای گشتیی نێودەوڵەتییەوە، رایگەیاند: "زۆرن ئەو كاریگەریانەی كە كۆڕەو بەسەر رای گشتیی نێودەوڵەتییەوە بەجێی هێشتن وەك دەرچوواندنی بڕیاری (٦٨٨)ـی ئەنجوومەنی ئاساییش لە (٥/٤/١٩٩١) و، ناوی كورد لە دۆسیەی نەتەوە یەكگرتووەكاندا جێگیر بوو وەك نەتەوەیەكی هەڕەشەلێكراو، دامەزراندنی نەوای ئارام كە بە كرداری راگەیاندنی هەرێمێكی نیمچە سەربەخۆ بوو كە كورد تیایدا بۆ ماوەی دوازدە ساڵ دوور لە دەستی رژێمی بەغدا بناغەكانی ئایندەیەكی گەشی بۆ خۆی دانا، زیندووكردنەوەی كێشەی لەمێژینەی گەلەكەمان و، بەدەمەوەهاتنی زلهێزان بەلای دۆزی كوردەوە وەك دۆزێكی سیاسیی ڕەوای گەلێك كە شایانی ژیانێكی سیاسی و ئابووریی باشتر بێت لەوەی ئێستای".
هەر پێوەست بەم یادە، (مەحموود عوسمان) سیاسەتمەداری كورد، تایبەت بە كۆڕەوە ملیۆنییەكەی كۆتایی ئاداری١٩٩١، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "كۆڕەوەكەی ساڵی (١٩٩١) كە هاووڵاتیان بەكۆمەڵ كۆچیان كرد، هۆكارەكەی ئەوە بوو كە راپەڕین كرا لە هەرێمی كوردستان و لە خوارووی عێراقیش هەموو لایەك بەتەما بوون رژێمی بەعس بڕووخێنن، بەڵام ئەمەریكا لەبەر ئەوەی ئێران و شیعە كۆنتڕۆڵی دۆخەكە نەكەن، بیروڕای گۆڕی و ویستی رژێمەكە بمێنێتەوە، هەروەها دەرفەتیشی دا كە راپەڕینی خوارووی عێراق بەجۆش بكات و بێتەوە شارەكانی هەرێمی كوردستانیش كە هاتیشەوە بۆ كەركووك و سلێمانی و هەولێر و دهۆك و ئەو ناوچانەی كە خەڵكی بە ملیۆن كۆچیان كرد لەترسی كیمیاوی بۆ ئەوەی دەریبخەن كە ئەوان دژی ئەو رژێمەن و ناچنە ژێر باریەوە، بێگومان ئەمەیش گرینگیی خۆی هەبوو و ریفراندۆمێكی گەورەیش بوو".
(عوسمان) گوتیشی: "كارەساتی وا جارێكی دیكە دووبارە نابێتەوە، ئێستا بۆ كورد سەردەمێكی ترە، بەڵام ئێستایش ئەگەر بمانەوێ ئەم جۆرە كارەساتانەمان بەسەردا نەیەتەوە و بگەینە ئامانج، دەبێت دەزگاكانمان كار بكەن بە یەكگرتوویی و حسابی میللەت بكەین و بەربەرەكانێی گەندەڵی بكەین، ئەم بابەتانەی ئێستا هەموو خەڵك باسیان دەكات، دەبێت هەوڵیان بۆ بدەین بۆ ئەوەی بتوانین هەموو بەیەكەوە دۆخەكە بە سەركەوتوویی تێپەڕێنین، چونكە ئەمە كێشەی حزب و هیچ لایەنێك نییە، بەڵكە كێشەی میللەتێكە".
ئەو سیاسەتمەدارە، دەربارەی كاریگەرییەكانی ئەو كۆڕەوەوە بەسەر رای گشتیی نێودەوڵەتی، گوتی: "ئەو كۆڕەوە زۆر كاریگەر بوو و وای كرد دەوڵەتەكان كە پشتیان كردە ئێمە، ئەمەریكا و دەوڵەتانی تر ناچار بوون بێنەوە بەلاماندا، چونكە كاتێك كە هەموو میدیاكانی دنیا ئەم كۆچڕەوەیان نیشان دا كە ئەو خەڵكە چۆن شەهید و برینداریان هەیە و لە ئێران و توركیا لە كارەساتدا دەژین، ئەمەیش وای كرد كە ئەمەریكا نەیتوانی كارەساتەكە پشتگوێ بخات، بۆیە بە ناچاری (جۆرج بۆش)ـی سەرۆكی ئەمەریكا، (جەیمس ویلكەر) وەزیری دەرەوەی خۆی نارد بۆ ناو خەڵكەكە و لە پاشان ئەوە بوو چەند یارمەتییەكی نارد بۆ كورد، بۆیە ئەو كۆڕەوە گەورەترین یارمەتی و پشتگیریی بۆ كورد لە دەرەوە مسۆگەر كرد" .
فایزە پاڵانی




