ڕووسیا لە کۆمەکی بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێ

هەولێر -KDP.info- کونسووڵی ڕووسیا لە هەولێر دەڵێ، وڵاتەکەی لە کۆمەک و یارمەتیدانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێ.
بە مەبەستى پەرەپێدانى زیاترى پەیوەندییەکان و پتەوکردنى پەیوەندییە دووقۆڵییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و ڕووسیاى فیدراڵ، ئێوارەى ئەمڕۆ سێشەممە فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکوومەت بە یاوەرى خاتوو سیهام جەبەلى یاریدەدەرى بەرپرسى فەرمانگە و شاندێکى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە سەردانى کونسووڵگەرى گشتیى کۆمارى ڕووسیاى فیدراڵى کرد و، ڤیکتۆر سیماکۆڤ سەرکونسوڵى ڕووسیا پێشوازیی لێیان کرد.
بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە باسى لە پەیوەندى لەمێژینەى نێوان گەلى کورد و ڕووسیاى فیدراڵ کرد کە مێژووەکەى دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمى سەرکردەى نەتەوەى کورد بارزانى نەمر بۆ یەکێتى سۆڤیەتى پێشوو، کە بووە هۆى بناغەى پتەوى ئەو پەیوەندیانە.
هەروەها سوپاسى ڕووسیاى فیدراڵى کرد کە وەک یەکەم وڵات بە فەرمى کونسوڵگەرى گشتى وڵاتەکەیان لە هەرێمى کوردستان کردەوە و لە شەڕى دژ بە تیرۆرستانى داعشیش ڕۆڵى خۆیان بینى بۆ هاوکاریکردنى هێزەکانى پێشمەرگە. بەڕێزیان گوتى کۆمەک و هاوکارییەکانى کۆمارى ڕووسیاى فیدراڵ بە هەند هەڵدەگرین و جێگەى پێزانینە.
گوتیشى هەرێمى کوردستان لە قۆناغێکى هەستیاردایە بە هۆى شەڕى بەردەوام لەگەڵ تیرۆریستانى داعش و لەخۆگرتنى ژمارەیەکى زۆرى ئاوارە و پەنابەر، بۆیە ئەرکى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتییە کە یارمەتیەکانیان بۆ هەرێمى کوردستان فراوانتر بکەن.
ڤیکتۆر سیماکۆڤ سەرکونسوڵى ڕووسیایش خۆشحاڵى خۆى دەربڕى بەرامبەر ئەو سەردانە و پتەوکردنى پەیوەندییەکانى نێوان هەردوو لای بە گرنگ زانی و باسى هاوکارییەکانى وڵاتەکەى کرد بۆ حکوومەتى هەرێم و هێزەکانى پێشمەرگە وەک پشتگیرییەک بۆ خەباتیان لە ڕووبەڕووبوونەوەى گروپى تیرۆریستى داعش کە ئەرکى هەموو لایەکە؛ جەختیشى لە بەردەوامیی پەیوەندییەکان و کۆمەک و یارمەتییەکان بۆ هەرێمى کوردستان کردەوە.
لە تەوەرێکى ترى دیدارەکەدا هەردوو لا باسی کاری هاوبەش و پەرەپێدانى پەیوەندییە ئابوورى و بازرگانى و کولتوورییەکان و هاتوچۆی شاندی هەردوو لایش کرد.




