"نەدەبوو بڕیاری لابردنی ڕێژەی کورد بە ڕەزامەندی جیگری سەرۆکی پەرلەمان تێپەڕێت"

بەغدا-KDP.info- دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر پاکێجێک دا و تیایدا دژایەتیی هەر جۆرە دابەشکردنێکی پۆستەکان لەسەر بنەمای نەتەوەیی و حزبی کرابوو، نوێنەرانی کورد لە بەغدا ئەمە بە پیلانێکی مەترسیدار بۆ سەر کورد دەزانن و لەهەمان کاتدا ڕەخنە لە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەگرن کە ڕێگر نەبوو لە تێپەڕاندنی بڕیارێکی لەو شێوەیە.
ڕێناس جانۆ پەرلەمانتاری عێراق لەسەر لیستی پارتی بۆ ناوەندی هەواڵی ئازاد وتی "بەپێی مادەی ٣٧ لە پەیرەوی ناوخۆ هیچ بڕیارێک ناخرێتە دەنگدانەوە ئەگەر دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران ڕەتیبکاتەوە یان یەکێک لە ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتی لە دژی بوەستێتەوە." جانۆ ڕەخنەی لە نوێنەری کورد لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان گرت و ڕایگەیاند "ئەگەر جیگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان ئەم بابەتەی تێپەڕاندبێ ئەوا کارێکی نابەرپرسیارانەی کردووە، چونکە تەواوی فراکسیونەکان پێشتر لەسەر دەستنیشانکردنی ڕێژەی کورد ڕێککەوتوون".
سەبارەت بەو پرسە، جەمال کۆچەر پەرلەمانتاری فراکسیونی یەکگرتوو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ناوەندی هەواڵی ئازادی ڕاگەیاند "لابردنی بڕگەی دەستنیشانکردنی پشکی نەتەوە و لایەنە سیاسییەکان و پەسەندکردنی پاکێجەکە زیاتر پەیوەندی بە فشاری لایەنگرانی سەدرەوە هەبوو کە ناوچەی سەوزیان گەمارۆ داوە." هەروەها وتی "ئەم بابەتانە زیاتر پەیوەندی بە یەکلاکردنەوەی کێشە کۆنەکانی نێوان حزبی دەعوە و ڕەوتی سەدرەوە هەیە، کە دوو ڕەوتی ئێرانی و عێراقین و لە بەرامبەر یەکتر وەستاون و دەیانەوێ ئەجیندای خۆیان جێبەجێ بکەن کە لە هەردوو لا کورد زیانی بەردەکەوێ".
دوێنێ، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی لەسەر بەیاننامەیەك دا بۆ پێكهێنانی حكوومەتی تەكنۆكرات بە سەرۆكایەتیی حەیدەر عەبادی. بەیاننامەكە بریتیبوو لەوەی لە پێكهێنانی حكوومەتدا دابەشكاری (موحاسەسە) نەبێت، واتە ڕێژەی كورد و سوننە و شیعە لەبەرچاو نەگیرێت، شیعەكان لەم بڕیارە سوودمەند دەبن، چونكە زۆرینەن و دەتوانن حكوومەت پێبهێنن، وەك پەیامنێری ڕووداو ئاماژەی پێدا، دواتر بەخێر وەزارەتێك یان دوو وەزارەت بە كورد و سوننە بدەن.
هەر لەمبارەیەوە، عەبدولباری زێباری پەرلەمانتاری عێراق لەسەر لیستی یەکێتی ڕەخنەی لە جیگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گرت و بۆ ناوەندی هەواڵی ئازاد وتی "پیلانێکی گەورە لە دژی ڕێژەی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا کرا بە بێ ئەوەی جێگری سەرۆکی پەرلەمان کە کوردە ڕێگری لێ بکات." زێباری وتی "پێویستە کورد بایکۆتی دانیشتنەکانی پەرلەمان بکات و بەهیچ شێوەیەک بەوە ڕازی نەبێت کە ڕێژەی خۆی نەبیت لە حکوومەتدا. ئەو پەرلەمانتارە جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە ڕێژەی کورد و سوننە وەک یەکە لە عێراقدا، کەچی ژمارەی وەزیرەکانی سوننە دوو هێندەی ژمارەی وەزیرەکانی کوردە کە ئەمەش جێی قەبووڵکردن نییە.




