ڕۆژانە نرخی خواردن و پێداویستیی هاووڵاتیانی ڕۆژئاوای کوردستان بەرز دەبێتەوە

رۆژئاوای کوردستان-KDP.info- لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕۆژبەڕۆژ نرخی خواردن و پێداویستیی ڕۆژانەی هاووڵاتیان بەرز دەبێتەوە، لە قامیشلۆ نرخی یەک کیلۆ تەماتە گەیشتە ٥٠٠ لیرەی سووری و کیلۆیەک باینجان ٦٠٠ لیرە کە دەکاتە یەک لەسەر چواری مووچەی مانگانەی مامۆستایەکی قۆناغی سەرەتایی کە هێشتا مووچەی مانگانەی خۆیان لە حکوومەتی بەشار ئەسەد وەردەگرن.
بە گوێرەی سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی پارێزگای حەسەکە، مەترسی هەیە کە حکوومەتی دیمەشق مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ئەو ناوچانە ببڕێت کە پەیەدە بە ناوچەی (ئیدارەی باکووری سووریا) ناویان دەبات.
ئەوەش دڵەڕاوکێ و ترسی زۆری لای مووچەخۆرانی ڕۆژئاوا دروست کردووە، بۆیە لە ئێستاوە زۆربەیان خۆیان بۆ جێهێشتنی ناوچەکانیان ئامادە دەکەن و چاوەڕوان دەکرێت بەشی زۆریان ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکەن، لەبەر ئەو هۆکارەشە کە پەیەدە، خاڵی سنووریی سێمالکای بە تەواوی داخستووە. هەروەها پێشبینی دەکرێ ژمارەیەکی زۆر لە مووچەخۆرانی ڕۆژئاوای کوردستان ڕوو بکەنە ئەو شارانەی کە هێشتا لە ژێر دەستی ڕژێمی بەشار ئەسەد دان، بۆ ئەوەی مووچەکانیان نەفەوتێت.




