٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"ئێران دەیەوێ دەست بەسەر شنگال و مووسڵدا بگرێ..پەکەکە بەشێکن لە حەشدی شەعبی"

سەرچاوە: KDP.info

ئاژانسەکان-KDP.info-  سایتی جیروسەلام ئۆنلاین لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی: ئێران دەیەوێ بەمەبەستی لاوازکردنی ھەرێمی کوردستان، لە ڕێی پەکەکەی بریکاریەوە دەست بەسەر مووسڵ و چیای شنگالدا بگرێت.

ئەو ناوچەیەی کە لە ڕابردوودا حکومەتی سەددام حوسێن بۆ بۆردومانکردنی ئیسرائیل بەکاری دەھێنا، واتە، ئێران دەتوانێت لەو ناوچەیەوە بکاتە بنکەیەکی سیخوڕی و ببێتە هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر ئەمنییەتی ئیسرائیل.

ڕاچێل ئەڤراھام، لە ڕاپۆرتەکەیدا لە زاری سەرچاوەکانی جیروسەلام ئۆنلاین لە ناو عێراقەوە ئاماژەی بەوە کردووە کە "چیای شنگال زۆر گرنگە بۆ ئێران و حکوومەتە بریکارەکەی لە عێراق، شوێنێکی لەبارە بۆ کشتوکاڵ و لەوێوە دەتوانێت زاڵ بێت بەسەر زۆربەی بەشەکانی ڕووباری دیجلە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: ئێستا، بەشی زۆری ناوچەی چیای شنگال لە ژێر دەستی پێشمەرگەی کوردستاندایە کە مەسعوود بارزانی فەرماندەییان دەکات و لەگەڵ ڕۆژئاوادا دۆستە.
سەرچاوەکە ھۆشداری دا ئەگەر ئێران زاڵ بێت بەسەر چیاکەدا، ناوچەکە بە سووریاوە دەبەستنەوە و ئێران دەتوانێت لەوێوە بە ناردنی چەک و ھاوکاری دارایی، یارمەتیی بەشار ئەسەد، بدات. ئەوەش کاریگەری نەرێنی دەکاتە سەر ئیسرائیل و ئۆپۆزسیۆنی سووریای ئازاد، بەڵام ئەگەر پێشمەرگە کۆنترۆڵی چیاکەی لەدەستدا بمێنێتەوە، ئەوکات ئیسرائیل پارێزراو دەمێنێتەوە.

لە بەردەوامیی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە حکوومەتی ناوەندیی بەغدا مووچە دەداتە پەکەکە، بەڵام بە پێشمەرگەی نادات، هەروەها نیازی حکوومەتی ناوەندیی ئاشکرا کردووە کە دەیەوێ پێشمەرگە کۆنترۆڵی ناوچەکە لەدەست بدات.
دەشنووسێت: "ئێران زۆر بە جیددی دژی سەربەخۆیی کوردستان کار دەکات و هەوڵی لاوازکردنی ئابووریی ناوچەکە دەدات، ئەویش بە ڕاکێشانی سەرمایەگوزارانی ناوخۆ بۆ ئێران، هەروەها پاڵپشتی لە کاری میدیایی دژە بارزانی و کوردستان دەکات".
بە پێی سەرچاوەکان، "پەکەکە تەنانەت کوردانی تر دەچەوسێنێتەوە بۆ پرسی ھاوکاریکردنی ئێران. لە 21ی ئاداردا، 2 پێشمەرگە و 3 ئێزدیی مەدەنییان بە ناوەکانی حوسێن ئەلحسێن و سامی ئەلحوسێن و ئیسماعیل خودادا کوشت بەھۆی ئەوەی لە نەورۆزدا ویستبوویان ئاڵای کوردستان لەسەر ئۆتۆمۆبێلەکانیان ھەڵ بدەن.
پەکەکە دژی ئاڵای کوردستانە و لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیاندا هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و لەبەرکردنی جلی کوردییان قەدەغە کردووە. ئەوەش وای کردووە خوازیارانی ئاڵای کوردستان و جلوبەرگی کوردی لە نەورۆزدا ناوچەکانی خۆیان جێ بهێڵن.
سەرچاوەکەی جیروسەلام ئۆنلاین، پەکەکە وەک بەشێک لە چەکدارانی حەشدی شەعبی دەناسێت کە لە لایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقی لایەنگری ئێرانەوە سەرکردایەتی دەکرێ.
باسی لە پەکەکەش کردووە کە 1600 گەریلای بۆ ئۆپەراسیۆنێک ئامادە کردووە و ئەوانەش بەشێکن لە حەشدی شەعبی و لەلایەن نووسینگەی حەیدەر عەبادییەوە پارەیان پێدەدرێت و بە میلیشیای ئێرانی ناوبانگیان دەرکردووە. هەربۆیە حەشدی شەعبی و پەکەکە یەکیان گرتووە".
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی جیروسەلام ئۆنلاین، "جگە لە ھەوڵدانی ئێران بۆ دەستبەسەرداگرتنی چیای شنگال لە لایەن بریکارەکانیانەوە کە ئێستا لەبەر دەستی پێشمەرگەیە، ھەروەھا ھەوڵ دەدات کە پەکەکە بەشداریی پێبکات لە ئازادکردنەوەی مووسڵ، ئەویش بەمەبەستی لاوازکردنی زیاتری ھەرێمی کوردستان و هەروەها ڕێگری لە دروستبوونی ھەرێمی سوننە.
ئێران دەیەوێت لەڕێی ئازادکردنی مووسڵەوە، شەڕ لە دژی سەربەخۆیی کوردستان بکات. ئەمە لە کاتێکدایە کە سوننەکان نایانەوێت پەکەکە بەشداریی گرتنەوەی مووسڵ بکات.
ئەوان خوازیاری بەشداریی ھێزە سوننەکان، پێشمەرگە و سوپای عێراقن لە ڕزگارکردنی مووسڵ، کە ئەوە لە بەرژەوەندیی ئێراندا نییە، هەربۆیە هانی پەکەکە دەدات بۆ بەشداری لەو ئۆپەراسیۆنەدا." بەپێی سەرچاوەکە، "پلانی ئێستا ئەوەیە پێشمەرگە و ھێزی نیشتیمانیی سوننە لەگەڵ سوپای عێراق بەشداری بکەن، بەڵام حکوومەتی ناوەندیی عێراق دژی ئەوەیە و ئێران لەگەڵ ڕزگارکردنی مووسڵ نییە بە بێ پەکەکە و حەشدی شەعبی."
 

هەواڵی پەیوەندیدار