باس: ئەمەریکا ھۆشداری داوەتە گۆڕان

هەولێر-KDP.info- ئەمەریکا ھۆشداری دەداتە گۆڕان، چونکە بزووتنەوەی گۆڕان ویستویەتی بە تەنیا و بەدەر لە ھەڵوێستی ھێزە سیاسییەکانی کورد لە بەغدا، لە مەسەلەی پێکھێنانی حکوومەتی تەکنۆکراتدا، پشتیوانیی (حەیدەر عەبادی) بکات. گوایە بەشدارینەکردنیشی لە کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانیش لە سلێمانی، ھەر پەیوەندی بەو ھەڵوێستەیەوە ھەبووە.
سەرچاوەیەک بۆ ژمارەی ئەمڕۆی هەفتەنامەی "باس" ئاشکرای کردووە کە، نوێنەرانی بزووتنەوەی گۆڕان بە تەسەلی گفتوگۆیان لەگەڵ حزبی دەعوەدا کردووە سەبارەت بەوەی کە گۆڕان لایەنگری پرۆژەکەی (عەبادی) بکات لە گۆڕینی وەزیرەکانی ئەم کابینەیە بە کەسانی تەکنۆکرات، لە بەرانبەریشدا (حەیدەر عەبادی) پشکی کورد لە حکوومەتە تەکنۆکراتەکەدا بداتە گۆڕان و سەرپشکی بکات لەوەی کە وەزیرێکی نزیک لە خۆی دابنێت.
بە گوتەی سەرچاوەکە، گفتوگۆکانی بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ چەند ئەندام پەرلەمانێکی تری کورد لە بەغدا، لەگەڵ (نووری مالیکی و عەبادی) و حزبی دەعوەدا بە گشتی، ماوەیەک لەمەوبەر دەستیان پێکردووە و، سەرەتایش مەبەستی گۆڕان لە گفتوگۆکان ئەوەبووە کە پێشنیاز بە حکوومەتی عێراق بکات تاکو بە شێوەیەکی تایبەت مامەڵە لەگەڵ سلێمانیدا بکات.
سەرچاوەکە ڕوونی کردووەتەوە کە، ھەر ئەو گفتوگۆیانە سەری کێشاوە بۆ ئەو پێشنیازە نوێیەی گۆڕان سەبارەت بە بەشداریکردنی لە حکوومەتە نوێیەکەی عێراقدا کە (عەبادی) و (موقتەدا سەدر) ھەریەکەیان بەشێوەی خۆی دەیانەوێت بە ناوی چاکسازییەوە پێکی بھێنن.
بەپێی زانیاریی ئەو سەرچاوەیە، ھەر سەبارەت بەو ھەڵوێستەی گۆڕان کە پشتکردنە ھاوھەڵوێستیی کوردە لە بەغدا، ئەمەریکاییەکان لە ئاماژەیەکدا ھۆشدارییان داوەتە نوێنەرانی بزووتنەوەکە لە بەغدا، کە ئەوان رازی نابن بەو ھەوڵوێستەی گۆڕان و سەرنجیشیان بۆ ئەوە راکێشاوە کە ئەمەریکا بە گومانەوە لە ھەڵوێستی (عەبادی و سەدر) دەڕوانێت و پێشی وایە کە ڕەنگە ئەوەی بە ناوی چاکسازییەوە دەکرێت، بۆ ئەوەبێت کە حکوومەتی عێراق بکرێتە حکوومەتێکی تاکلایەنی و مەبدەئی تەوافوقیش پێشێل بکرێـت، لەم روانگایەشەوە ئاگاداری گۆڕان کراوەتەوە کە نابێـت دژی کۆدەنگی بێت لە بەغدا.




