دیندار زێباری: هێزە ئەمنییەکانی هەرێم، لە جەنگدا یاسا مرۆییەکان ڕەچاو دەکەن

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆتە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت، لە ماوەی دوو ساڵ شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و گرووپی تیرۆریستی داعشدا، ژمارەیەک گوند بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەکانەوە چۆڵ کراون و دانیشتووانەکەی راگوێزراون، هۆکارەکانی نەگەڕانەوەی هەندێک لە خەڵکی سڤیلیش بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، ئەوەیە کە گوندەکانیان دەکەونە هێڵی تەماسەوە و نزیکن لە بەرەکانی جەنگەوە.
سەبارەت بە هۆکاری نەگەڕانەوەی خەڵک بۆ سەر ماڵ وحاڵی خۆیان بەتایبەتی پاش رزگارکردنی گوندەکانیان (د. دیندار زێباری) سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆتە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند، هۆکاری سەرەکیی نەگەڕانەوەی خەڵکی بۆ ناوچەکانی خۆیان، شوێنی جیۆگرافی ئەو ناوچانەیە کە بەشێکیان دەکەونە هێڵی تەماسی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و داعشەوە. هەروەها وێرانکاریەکانیشی گێڕایەوە بۆ بوونی مینی چێندراو لەناو ماڵەکان، کە لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە دانراون بۆ ئەوەی رێگری لە بەرەوپێشچوونە خێراکانی هێزی پێشمەرگە بگرن و هێرشە ئاسمانییەکانیش کە لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە ئەنجام دەدرێت و ئەو شوێنانە دەکەنە ئامانج کە بنکە و پێگەی چەکدارانی داعشن.
لە لایەکی دیکەشەوە، (زێباری) نەبوونی خزمەتگوزاریی پێویست وەک ئاو و کارەبا و کەلوپەلە سەرەتاییەکان بە یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی نەگەڕانەوەی خەڵک پاش رزگارکردنی ناوچەکانیان دەخاتە بەر باسەوە.
(دیندار زێباری) هەروەها رایگەیاند، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک رەچاوی یاساکانی مافی مرۆڤ و بنەماکانی مافی مرۆڤ دەکات لە کاتی جەنگدا.
لە راگەیەندراوەکەدا کە وێنەیەکی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ناردووە، هاتووە" هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوام هەوڵیانداوە و هەوڵ دەدەن بۆ پاراستنی ئەو پێکەوەژیانەی کە لە ناوچەکەدا هەیە، ئەویش بە پاراستنی ژیانی خەڵکی سڤیل و دڵنیابوون لە رەچاوکردنی مافەکانی مرۆڤ لە کاتی جەنگدا، هەروەها بەردەوام هەوڵیانداوە بۆ ڕێگریکرن لە وێرانکاری لەو ناوچانەی کە چۆڵ کراون و دەکەونە هێڵی تەماسەوە".
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە رێنمایی حکوومەتی هەرێم دراوە کە، لە مانگی ئاداری ٢٠١٦ـدا دەرچووە سەبارەت بە یاساکانی جەنگ و ئاماژە بەوە کراوە، کە دەبێت ئەم یاسایانە لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە جێبەجێ بکرێن کە هەمان یاساکانە بۆ پاراستنی ژیانی خەڵک و کەلوپەلەکانیان.
هاوکات راگەیەندووە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە بێ هیچ شک و گومانێک، هاوکار دەبێت بۆ زیاتر پابەندبوونی هەرێمەکەی بە یاساکانی مافی مرۆڤەوە هەروەک چۆن پێشتریش هاوکار بووە بۆ دڵنیابوونەوە لە پارێزرابوونی خەڵکی سڤیل و کەلوپەل و ماڵەکانیان، بەبێ گوێدانە جیاوازیی ئایین یاخود نەتەوەیی و، بەردەوام هێزی ئاسایشی داناوە بۆ پارستنی خەڵکی سڤیل لە ناوچە رزگارکراوەکان و دەستەبەرکردنی ئازادی هاتوچۆ بۆیان.
(دکتۆر دیندار زێباری) جەختییش کردووەتەوە لەوەی، کە تەنانەت لەم گرژی و ئاڵۆزیانەی کە لە هەرێمەکەدا هەن، چەندین ئایین و نەتەوەی جیاواز لەم هەرێمەدا پێکەوە دەژین و ئەو ئاشتی و پێکەوەژیانەی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە بەراورد ناکرێت لەگەڵ هیچ شوێنێکی دیکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، چوونکە لە ئێستادا هەزاران ئێزدی، کریستیان، عەرەبی سوننە و کورد لەم هەرێمەدا بە ئاشتییانە پێکەوە دەژین.




