٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

جەمال کۆچەر: نابێ لەبەر کێشەی ناوخۆ، لە بەغدادا لێک بترازێین

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- (جەمال كۆچەر) ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند: "بڕیارمان داوە نەهێڵین كێشە ناوخۆییەكانی هەرێم كاریگەرییان لەسەر هەڵوێستی ئێمە هەبێت و لە بەغدادا ڕەنگ بداتەوە؛ دەبێ هەموومان یەكڕیز و یەكدەنگ و هاوهەڵوێست بین".

(جەمال كۆچەر) ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە لیستی یەكگرتووی ئیسلامی، وای بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوت: "چاكسازییەكەی (حەیدەر عەبادی) چەند شتێك لە خۆ دەگرێت؛ لەوانە، بۆ دامركانەوەی ئەو قەیرانە داراییە، (عەبادی) ناچارە پارە پەیدا بكات؛ پێویستە بەپێی ڕێنماییەكانی ئەو شوێنانەوە بچێت كە پارەی پێ دەدەن، ئەوانەی پارەی پێ دەدەن بانكی نێودەوڵەتی، UN، بانكی ئیسلامی، ئەو شوێنانە هەر یەكە و مەرجی خۆیان هەیە، كە دەبێت حكوومەتێكی پرۆفیشناڵ بێت، دەبێت پارە لە پرۆژە خزمەتگوزارییەكان خەرج بكەن و، بژێویی هاووڵاتیان باش بێت، ئەوەیش بەو بەرپرسانەی عێراق ناكرێ؛ چونكە خۆیان لەو ئاستەدا نابینن كە تێیدان، بەڵكو خۆیان وا دەبینن كە لە ئاستی سەرۆكوەزیراندان، وەك (ئیبراهیم جەعفەری)، (حوسێن شەهرستانی)، (عادل عەبدولمەهدی)، (باقر زوبێدی) و چەند كەسێكی دیكە، كە ئەوانە خۆیان لە وەزیر بە گەورەتر دەزانن."

(كۆچەر) گوتیشی: "فراكسیۆنە كوردستانییەكان هەموومان هاوهەڵوێستین لەسەر پرسی بەشداریكردن یان نەكردنی كورد لە حكوومەتی نوێی عێراقدا؛ بە هیچ شێوەیەكیش قبووڵ ناكەین لە دەرەوەی فراكسیۆنە كوردستانییەكان هیچ لایەنێكی دیكە خەڵك وەك نوێنەری كورد بۆ پۆستی وەزیر لە كابینەی نوێی عێراق دەستنیشان بكات، هەروەها بڕیارمان داوە نابێت كێشەی ناوخۆی هەرێم، لەسەر هەڵوێستەكانمان لە بەغدادا ڕەنگ بداتەوە و، لاوازمان بكا؛ دەبێ هەموومان یەكڕیز و یەكدەنگ و هاوهەڵوێست بین."

ڕابین شێروانی

هەواڵی پەیوەندیدار