فەرمانگەی كارتی نیشتمانی لە هەولێر كرایەوە

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی تۆماركردنی داتای كارتی نیشتمانی دەڵێ، ئەمڕۆ لە شاری هەولێر فەرمانگەی كارتی نیشتیمانی بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆ (كەریم شنگالی) كرایەوە و، لە بەیانییەوە دەست بە ناونووسین دەكرێت بۆ دەركردنی ئەم كارتە.
ئەمڕۆ بە شێوەیەكی فەرمی و بە ئامادەبوونی (كەریم شنگالی) وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان و راوێژكارانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە شاری هەولێر فەرمانگەی كارتی نیشتیمانی كرایەوە، ئەو فەرمانگەیەیش، نۆیەمین فەرمانگەی دروستكردنی كارتی نیشتمانییە لە عێراقدا.
(ژیان تەڵعەت) بەرپرسی تۆماركردنی داتای كارتی نیشتمانی، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە رۆژی سێشەممە (٢٩/٣/٢٠١٦)ـوە هاونیشتمانیانی هەرێمی كورستان دەتوانن لە رێگەی ئینتەرنێتەوە خۆیان ناونووس بكەن، بۆ ئەوەی بتوانین ناوەكانیان لای خۆمان وەربگرین و دواتر رێكارەكانی دەركردنی كارتی نیشتمانییان بۆ جێبەجێ بكەین، بەمەیش گۆڕانكارییەك دروست بێت و لە نووسینی دەستەوە دەكرێتە كارتی ئەلیكترۆنی".
(تەڵعەت) گوتیشی: "كارتی نیشتمانی دەتوانرێ لە جێگای (ناسنامەی باری شارستانی، رەگەزنامەی عێراقی) بەكار بهێنرێت و هاووڵاتیان لە رێگەی دەركردنی كارتی نیشتمانییەوە دەتوانن هەموو كارەكانیان بە بێ كێشە لە فەرمانگەكانی حكوومەت ڕایی بكەن، بەڵام ناتوانرێت لە جیاتی كارتی زانیاری بەكار بێت".
فایزە پاڵانی




