٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"فیدڕاڵییەكەی پەیەدە، هەمان شێوەی كانتۆنەكانە"

سەرچاوە: KDP.info

رۆژئاوای كوردستان-KDP.info-  ئەندامێكی كۆمیتەی راوێژكاریی پارتی دیموكراتی كوردستانی رۆژئاوا رایدەگەیێنێت، ڕاگەیاندنی فیدڕاڵی لەلایەن پەیەدەوە  پڕوپاگەندەی تێدایە و هەمان شێوەی كانتۆنەكانە و لەوە زیاتر نییە، چونكە فیدڕاڵی بە هەموو خەڵكی سووریا و بە گۆڕینی دەستووری وڵات دەبێت نەك بە بڕیاری لایەنێك و چەند كەسێك یاخود چەند پارتێك دابنیشتن و بڵێن ئێمە فیدڕاڵیمان ڕاگەیاندووە.

‌(نەواف حەسەن ڕەشید) ئەندامی كۆمیتەی راوێژكاریی یەكێتیی كوردی لە سووریا، بۆ ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتی‌ دیموكراتی كوردستان گوتی: "ڕاگەیاندنی فیدڕاڵییەت لەلایەن پەیەدەوە بەبێ بەشداریكردنی لایەنەكانی دیكە نابێت، بەڵكە فیدڕاڵی بە هەموو خەلكی سووریا و هەروەها بە گۆڕینی دەستووری وڵات دەبێت نەك بە بڕیاری لایەنێك و چەند كەسێك، یاخود چەند پارتێك دابنیشتن و بڵێن ئێمە فیدڕاڵیمان ڕاگەیاندووە، چونكە ئەمە پڕوپاگەندەی تێدایە، لەبەر ئەوەی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردی و ئۆپۆزسیۆنی سووریا، بڕیار بوو لەگەڵ یەكتریدا دابنیشن بۆ ئەوەی دەستووری وڵات دابنێن، بەڵام پەیەدە گوتی فیدڕاڵیمان دەوێت، بۆیە دەپرسین، ئایا لەو فیدڕاڵییەتەدا رێككەوتن لە نێوان گشت پێكهاتەكانی سووریادا هەیە؟".

(نەواف) گوتیشی: "وەك هەموومان دەزانین لە رێككەوتنی دووەم لە هەولێر بە سەرپەرشتیی (سەرۆك بارزانی) و بە ئامادەبوونی (لەیلا زانا) و (عوسمان بایدەمیر) كە رێككەوتن ئەوكات دروست بوو بۆ جنێف2، بەڵام مخابن چووین بۆ جنێف2 كە سبەی ئامادە ببین، كەچی پەیەدە چوون ئیدارەی خۆجێیی (كانتۆن)ـیان ڕاگەیاند، ئەمڕۆیش كە جنێف3 هەیە كە رێككەوتنێك دەبێت لەژێر چاودێری كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بە بەشداریی گشت پێكهاتەكانی سووریا و ئۆپۆزسیۆنی سووریا شتی باش دەبن، چونكە گوشارێكی زۆر لەسەر رژێمی سووریا هەیە، بەڵام جارێكی تر پەیەدە تاكلایەنە فیدڕاڵی ڕاگەیاندووە، گومانیشی تێدا نییە كە فیدڕاڵی ددانپێدانان و دەستوور ورێككەوتن و تەبایی دەوێت، بەڵام ئەوەی پەیەدە ڕایگەیاندووە، هەمان شێوەی كانتۆنەكانە و لەوە زیاتر نییە".

نەشوان بەرزنجی
 

هەواڵی پەیوەندیدار