٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەلی عەونی: یەبەشە با بچن گوندی جەمیل بایك ڕزگار بكەن

سەرچاوە: KDP.info

شنگال-KDP.info-  "یەكینەكانی بەرخودانا شنگال" (یەبەشە) كە وەك باڵێكی هێزە چەكدارییەكانی سەر بە پەكەكەیە، ئاشكرای كرد، لەگەڵ حكوومەتی عێراق هاوپەیمانەتییان هەیە و لە شەڕی ئازادكردنەوەی مووسڵدا بەشداری دەكەن. ئەندامێكی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستانیش رایگەیاند، ئەوان لە جیاتی ئەوەی مووسڵ ئازاد بكەن، با گوندی (جەمیل بایك) ڕزگار بكەن، نەك شارەكانی باكووری كوردستان تێك بدەن.

(عەلی عەونی) ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ڕێككەوتنی یەبەشە لەگەڵ بەغدا، مۆدێلێكی نوێی جاشایەتییە كە لە دەرەوەی ئیرادەی هاووڵاتیانی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بچن و خۆیان بكەنە سەر بە بەغدا، هەروەها ئەوان بەشێكن لە حزبێك كە شوێنی باكووری كوردستانە، ئەگەر ئەوان ئەو هێزەیان هەیە مووسڵ ڕزگار بكەن، با لە جیاتی مووسڵ، جزیرە و سلۆپی و مێردین و شوێنەكانی دیكە ئازاد بكەن، ئەگەر ئەوان ئەو هێزەیان هەیە با گوندی (جەمیل بایك) ڕزگار بكەن".

(عەونی) گوتیشی: "یارییەكی نێودەوڵەتی لەسەر هەرێمی كوردستان دەكرێت، ئەوان گرێ دراون بە بەرنامەیەكی گەورە و لەگەڵ هەندێك وڵاتی ناوچەكەدا دەیانەوێت لە شنگال گوشار بخەنە سەر حكوومەتی هەرێم، كە ئێمە هەموومان دەزانین بەرەو ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی هەنگاو دەنێین، بۆیە دەیانەوێت لە ڕێگەی مووسڵەوە گوشار بخەنە سەر حكوومەتی هەرێم و ڕێگەی پەیوەندیكردن لەسەر حكوومەتی هەرێم دابخەن و، نەهێڵن حكوومەتی هەرێم لەجیاتی ئەوەی خەریكی كاركردن بۆ سەربەخۆیی بێت، سەرقاڵی كێشەكانی كورد و كورد بێت، بێگومان ئەو یارییەیش كە دەستەڵاتدارانی بەغدا دەیكەن، رژێمی بەعسیش دەیكرد، بۆیە باوەڕ ناكەم ئەوان هیچ سوودێك لەو یارییە بكەن، هەروەها یەپەژەیش بە هەمان شێوە، جگە  لە زیانگەیاندن بە دۆزی نەتەوەی كورد، هیچ سوودێكیان بۆ حكوومەتی هەرێم نییە".
ئەو ئەندامەی سەركردایەتیی پارتی، دەشڵێت: "ئەگەر ئەوان خۆیان بە بەشێك لە چارەسەری دۆزی كورد دەزانن، دەبێت پەیوەندییەكانی خۆیان لەگەڵ حكوومەتی عێراق بپچڕێنن، چونكە ئەگەر لە بەرنامەدایە كورد پەیوەندی لەگەڵ حكوومەتی عێراق بكات، دەبێت لە ڕێگەی حكوومەتی هەرێمەوە بێت، هەر شتێك لە دەرەوەی ئەوە بە خیانەت هەژمار دەكرێت، بۆیە ئەوان و هەموو وڵاتانی داگیركەر ناتوانن ڕێگە لە سەربەخۆیی كوردستان بگرن، چونكە خەڵكی كوردستان بڕیاری داوە و لەسەر بڕیارەكەی خۆی بەردەوام دەبێت".

رابین شێروانی

هەواڵی پەیوەندیدار