تایمز: ئێزدی و كریستیانەكان جینۆساید دەكرێن

لەندەن-KDP.info- رۆژنامەی تایمزی بەریتانیا بڵاوی كردەوە، دوای رووخانی رژێمی (سەددام حوسێن)، زیاتر لە ملیۆنێك كریستیانی عێراق ناچار بوون بۆ پاراستنی گیانیان روو لە ئەورووپا بكەن و، ئێزدییەكانیش رووبەڕووی جینۆساید بوونەتەوە.
لە سەروتاری رۆژنامەكەدا هاتووە، كریستیانەكان لە شار و گوندەكانی خۆیاندا كە هەزاران ساڵە تێیدا دەژین، رووبەڕووی كوشتن، رفاندن، دەستدرێژی و راوەدوونان دەبنەوە و ئیدی هۆیەك بۆ مانەوەی كریستیانەكان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا نەماوەتەوە.
هەروەها هاتووە، زیاتر لە ملیۆنێك كریستیان لە عێراقەوە رایان كردووە، بە تایبەتی لە دوای رووخانی رژێمی (سەددام حوسێن، هەروەها سێیەكی سووریاییەكان كە شوێنكەوتەی ئوسقۆفیەی حەلەب بوون، رایان كردووە و لە كۆی 160 هەزار هاووڵاتیی كریستیان، تەنیا 40 هەزاریان ماونەتەوە.
رۆژنامەكە ئاماژەی بۆ ئەوەیش كردووە، كریستیانەكان رووبەڕووی هێرشێكی بەربڵاو بوونەتەوە و لە بەرانبەریشدا وڵاتانی خۆرئاوایی پەلە ناكەن لە پێدانی مافی پەنابەرێتی بەو كریستیانە عەرەبانەی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەگەنە وڵاتەكانیان.
تایمزی بەریتانیا ئاماژەیشی داوە، هەرچەندە ئایین نابێتە ڤیزای پەڕینەوە بۆ ئەورووپا، بەڵام مامەڵەكردن لەگەڵ كریستیانەكان و گونجانیان لەگەڵ كۆمەڵگەی خۆرئاواییدا بۆ وڵاتانی خۆرئاوا ئاسانترە.
لە بەشێكی دیكەی وتارەكەدا، تایمز ئاماژەی بە توندوتیژییەكانی دژ بە ئێزدییەكان كردووە و داوای كردووە، دەسەڵاتدارانی ناوچەكە زیاتر بە هانای كریستیان و ئێزدییەكانەوە بچن و پەنایان بدەن.




