وەزیرەكانی كورد لە گەندەڵییەوە نەگلاون.. وەڵامی عەبادی دەدرێتەوە

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: "ئەمڕۆ دواوەڵامی (حەیدەر عەبادی) سەرۆكوەزیرانی عێراق دەدەینەوە بەوەی كە وەزیرەكانی خۆمان ناگۆڕین، چونكە لە گەندەڵییەوە نەگلاون".
(ئەردەلان نوورەدین)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەمڕۆ لیستە كوردییەكان وەڵامی (حەیدەر عەبادی) سەرۆكوەزیرانی عێراق دەدەنەوە بەوەی كورد وەزیرەكانی خۆی لە كابینەی حكوومەتی عێراق ناگۆڕێت، چونكە لە گەندەڵییەوە تێوە نەگلاون".
(نوورەدین) گوتیشی: "ئەمڕۆیش پرسیارەكانی خۆمان ئاڕاستەی سەرۆكوەزیرانی عێراق دەكەین كە لە بەشێكیاندا پرسیارمان كردووە هۆكاری ئەو گۆڕانكارییە لە حكوومەتدا چییە؟ بۆ هەر دەبێت ئەم وەزیرانە بگۆڕدرێن؟".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەشڵێت: "لە ئێستادا گوشارەكانی (موقتەدا سەدر) زۆر بووە لەسەر حكوومەتی عێراق، بەڵام ناتوانێت حكوومەت هەڵوەشێنێتەوە، چونكە ژمارەی كورسییەكانی لە پەرلەمان كەمە، دواتر ئێمە نامانەوێت بابەتی خۆمان كە پرسی گۆڕینی وەزیرەكانە، لەگەڵ داواكارییەكانی (موقتەدا سەدر) تێكەڵ بكەین، چونكە گرفتی ئەوان پەیوەندی بەناو ماڵی شیعەوە هەیە".
كارزان هەورامی




