ئەنەكەسە گوشاری مەدەنی دەست پێ دەكاتەوە.. پەیەدە دەستی بەسەر ڕۆژئاوادا گرتووە

رۆژئاوای كوردستان-KDP.info- ئەندامێكی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان-سووریا (ئەلپارتی) دەڵێت، پەیەدە دەستی بەسەر سەرجەم جومگە سەربازی و سیاسییەكانی ڕۆژئاوای كوردستاندا گرتووە و، بە زەبری چاوسووركردنەوە و هەڕەشە دەیەوێت مەیدانەكە بۆ خۆی داگیر بكات. نموونەیش بەوە دەهێنێتەوە كە بە هۆكارێكی سیاسی، ئاگری نەورۆزی لە خەڵك قەدەغە كرد و یادەكەی كردە حزبی.
(سەعید عومەر)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی رایگەیاند: "پەیەدە دەستی كردووە بە شێوازێكی نوێی هەڕەشە بۆ سەر لایەنە سیاسییەكان بە تایبەتی (ئەنەكەسە) ئەویش ئەوەیە كە لە رێگای خەڵكی خۆیانەوە واژۆ كۆ دەكاتەوە گوایە دەبێت سەركردەكانی ئەنەكەسە دادگایی بكرێن، وەك ئەوەی لە ڕۆژئاوای كوردستاندا ئەوان حاكم و دادوەر بن و خەڵكی دیكەیش تاوانبار، كە ئەم لۆژیكە لە دەرەوەی ڕۆژئاوا بەسەر پەیەدەدا فەرز دەكرێت، ئەویش بەسەر لایەنە سیاسییەكانیدا دەسەپێنێت وەكو ئەوەی كە ئەمساڵ پەیەدە ئاگری نەورۆزی لە چوارچێوەیەكی سیاسیدا كردەوە كە سەرجەم یادەكەی بۆ بەرژەوەندیی تاكحزبی بەكار هێنا و رێگای نەدا خەڵك ئەو یادە بكاتەوە".
ئەو ئەندامەی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان-سووریا گوتیشی: "ئاگاداری هەموو لایەك دەكەینەوە كە هەر ڕووداوێكی نەخوازراو بەسەر ئەندام و لایەنگرانمان بێت، پەیەدە بەرپرسیاری یەكەمە و دەبێت تەحەمولی بەرپرسیارەتی بكات".
كارزان هەورامی




