٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بازیانی: باشترە كورد بەشداریی حکوومەتە تەکنۆکراتەکەی عەبادی نەکات

سەرچاوە: KDP.info
ھەولێر-KDP.info-  سەرۆکی بزاڤی چاکسازی و گەشە سەبارەت بە بەشداریی کورد لە حکوومەتە ته‌کنۆکراتەکەی (عەبادی) دەڵێ، حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکان، لە دوای ساڵی (2003)ەوە دەستی دەستی بە کورد دەکەن؛ بۆیە پێم وایە باشتره‌ کورد بەشدار نەبێت لەم حکوومەتە نوێیەیه‌دا و وەک ئۆپۆزسیۆنێک بمێنێتەوە و چاودێر بێت بەسەر حکوومەتەوە.
 
دوێنێ ھەینی (موقتەدا سەدر) سەرکردەی رەوتی سەدر تا رۆژی شەممەی دابێی بۆ (حه‌یده‌ر عەبادی) دیاری کرد بۆ راگەیاندنی ناوی وەزیرانی نوێی حکوومەتە تەکنۆکراتەکەی و، ھەڕەشەی ئەوەشی کرد کە ئەگەر (عەبادی) راینەگەیەنی، ئەوا ئەوان ھەڵوێستی تریان ده‌بێ.
 
پێوه‌ست به‌م پرسه‌ و بەشداریی کورد لەم حکوومەتە ته‌کنۆکراتە جاوه‌ڕوانكراوه‌دا، (محەممەد بازیانی) سەرۆکی بزاڤی چاکسازی و گەشە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکان دوای ساڵی(2003) دەستی دەستی بە قەزیەی کورده‌وه‌ دەکەن، ئەو پەیمان و بەڵێنانەی کە بە کوردی دەدەن جێبەجێی ناکەن، بۆیە کورد مادام ھەنگاوی ئەوەی لە بەردەستە کە ریفراندۆم بکرێت و کورد دەوڵەتی کوردستانی خۆی رابگەیەنێت، واتا لێرەدا کورد دەرفەتێکی باشی بۆ ھاتووە لەم حکوومەتە تەکنۆکراتەی (عەبادی)دا كه‌ لەوانەیە یەک وەزارەت یان دوو وەزارەتی پێ بده‌رێ، بەشداری نەکات و دەرفەتەکە لە دەست نەدات؛ هه‌ڵه‌بته‌ کە وەک ئۆپۆزسیۆنیش مایەوە و لە ناو پەرلەمان لە حکوومەت نەبوو، ئەوکاتە ھەم چاودێر دەبێت لەسەر حکوومەتەکە و دەشتوانێت ھەموو ئەو بابەتانە بکات بە بەڵگە و دیکۆمێنت و، بڵێ لەبەر ئەوەی کە ئەم حکوومەتە یەک لە دوای یەکانە وەک پێویست مامەڵەیان لەگەڵ کورددا نەکردووە لەگەڵ مافەکانی کورددا نەکردووه‌ بەڵێنەکانی خۆیان بەجێ نەگەیاندووە ئێمە حەقی ئەوەمان ھەیە دەوڵەتی سەربەخۆمان ھەبێـت.''
 
(بازیانی) ڕوونی ده‌كاته‌وه‌: "لە ھەمان کاتدا ئێمە ئاماژەمان بەوەش کردووە کە کاتێک ئێمەی کورد سەرۆککۆمارمان ھەیە لە بەغدا کە پێشتر جەنابی (مام جەلال) بوو و ئێستایش (دکتۆر فواد مەعسوم)، ئەمەش وا دەکات دەستووری خۆمان رێک بکەین و خۆمان پەیوەست بکەین بەوەی کە کورد پارێزەری یەکپارچەیی عێراقە؛ چونکە لە ناو دەستوور یەکێک لە کارە سەره‌کییەکانی سەرۆککۆمار لە دەستووری عێراقیدا ئەوەیە کە، دەبێت سەرۆککۆمار پەیوەست بێت بە یەکپارچەیی عێراقه‌وه‌. ئێمەش وەک ئەوەی کە پڕۆژەی دەوڵەتی کوردستانمان بەدەستەوەیە، ئەمەش رێک ناکەوێ، بۆیە من بە دەرفەتێکی دەزانم و زۆر باش ھاتووە، ئاخر ھەندێک لە پەرلەمانتارانی عێراقی خۆیان دەڵێن ئێمە بەبێ کوردیش لە حکوومەت بەشداری دەکەین، بۆیە ئه‌وان بە زمانی خۆیان دەڵێن بڕۆن لە کۆڵمان ببنەوە و، بڕۆن دەوڵەتی خۆتان درووست بکەن.''
 
فایزە پاڵانی
 

هەواڵی پەیوەندیدار