عەبادی دەیەوێ حکوومەت بداتە دەست پێکهاتەیەکەوە

هەولێر-KDP.info- ئەندامێکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، ئەو کارانەی ئێستای حەیدەر عەبادی یارییەكی سیاسییە و، دەیانەوێ حكوومەت بكەوێتە دەست پێكهاتەیەكەوە.
(موئەیەد تەیب) ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران و وتەبێژی پێشووی فڕاكسیۆنە كوردییەكان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "بە نوێنەرانی كورد لە بەغدا ڕادەگەیێنم، ئەوانەی تا ئێستا لەوێ ماونەتەوە وەرنەوە، پێش ئەوەی پێتان بڵێن بڕۆنەوە! تەماشا بکەن چەند مانگێك لەمەوبەر حەیدەر عەبادی، بە کاغەز چاكسازییەکی ڕایگەیاند و ئاراستەی پەرلەمانی كرد؛ ئێمە باش دەزانین هەڕەشەی لێ كرا و، دەبێت هەموو لایەنەكان دەنگی پێ بدەن؛ ئەوانەی باوەڕیان پێیە لە ترسدا ناوێرن، دەنگ بەو كاغەزە بدەن، تا ئێستا هیچ شتێك لەو كاغەزە جێبەجێ نەكراوە؛ ئێستا عەبادی یارییەكی دیكە دەكات، گوایە حكوومەتێكی تەكنۆكرات ڕادەگەیێنێت و وا دیسان گەف لە پەرلەمان دەكات گوایە دەبێت هەموو لایەنەكان دەنگ بەو حكوومەتە بدەن؛ بە ڕاستی تا ئێستا هیچ كاتێك لە ٢٠٠٣ تا ئەمڕۆ ئەوەندە بێڕیزی بە پەرلەمانی عێراق نەكراوە، جا بۆیە پەرلەمان بێدەسەڵات ماوەتەوە."
گوتیشی: "كێشەكانی عێراق ئەوە بوو تەوافق نەبوو، شەراكەتی ڕاستەقینە نەبوو، لە ئیدارەدانی عێراق، ئەمڕۆ ئەو هەوڵانەی دەدرێن بۆ بنبڕكردنی هەموو ئاسەواری تەوافقن، حكوومەت بكەوێتە دەستی پێكهاتەیەك ئەویش هەر شیعەیە، بەڕاستی ئەو كوردانەی لەوێ هیچ شتێكیان لە دەستدا نەماوە، تەنانەت گەیشتە ئەو ڕادەیە كە ئەوان خۆیان كردە نوێنەری كوردان، بۆ ئەوەیش هیچ بەهانەیەك و سەبەبێك نەماوە كورد بەردەوام بن لە بەغدا، باشترە بێنەوە."
ڕابین شێروانی




