"بە كەمتر لە ٢٠%ی پۆستەكانی بەغدا بۆ كورد ڕازی نابین

بەغدا-KDP.info- سەرۆك فراكسیۆنەكانی کورد لە بەغدا دەڵێن، بە كەمتر لە ٢٠%ی پۆستەكانی بەغدا بۆ كورد ڕازی نابین.
(خەسرەو گۆران) سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، یەكڕیزیمان و یەكگوتاریی كورد لە بەغدا لە هەموو شتێك گرنگترە.
گوتیشی: "بەرژەوەندی كوردستان و بەشداریكردنی كورد لە پرۆسەی سیاسی عێراق بەلای ئێمەوە گرنگە، هەر گۆڕانكاریەك بكرێت دەبێت هۆكارەكەی دیار بێت، هەر وەزیرێك لاببرێت دەبێت هۆكارەكەی ڕوون بكرێتەوە، هەر كەسێكیش پێشكەش بكرێت، دەبێت لە لایەن ئەو لایەنە سیاسییانەوە پێشكەش بكرێت، واتە دەبێت ئیستحقاقی هەڵبژاردن لە بەرچاو بگرێت، هەروەها هەر گۆڕانكاریەك بكرێت، دەبێت بریكارەكانیش بگرێتەوە."
(گۆران) ئەوەشی گوت: "ئەوەی لای ئێمە گرنگە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان و خەڵكی كوردستانە، بەشداری كوردە لە پرۆسەی سیاسیی عێراق."
هەر ئەمڕۆیش سەرۆکفراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا لە پرێسکۆنفرانسێکدا ڕایانگەیاند کە بە كەمتر لە ٢٠%ی پۆستەكانی بەغدا بۆ كورد ڕازی نابین.
ڕابین شێروانی




