كورد دژی سیناریۆكەی عەبادییە

بەغدا-KDP.info- سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، هەوڵی عەبادی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی تەكنۆكرات دووبارەبوونەوەی سیناریۆی سەددامە و سەرۆكی فراكسیۆنی پارتیش دیاریكردنی كورد بۆ كابینەی نوێی عەبادی بە نوێنەری كوردستان نازانێت.
ئاڵا تاڵەبانی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی هەوڵەكانی حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیران بۆ پێكهێنانی حكوومەتێكی تەكنۆكرات لە عێراق ڕایگەیاند عەبادی بەو كارە، سیناریۆی سەددام حوسێن دووبارە دەكاتەوە. وتیشی ئێمە دەنگ بە حكوومەتەكەی نادەین و ئەگەر ئەو سیاسەتەش بەردەوام بێت، لە پرۆسەی سیاسیی عێراق دەكشێینەوە.
هەر لەو بارەیەوە، خەسرۆ گۆران سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاندووە كە حزبەكەی بڕیاری كۆتایی لەوە بارەیەوە نەداوە و ناوی هیچ پاڵێوراوێكیان بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەت لە بەغدا نەداوەتەوە عەبادی. ئەوەشی گوتوە كە هەركەسێك لە دەرەوەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كاندید بكرێت، یان لەلایەن حەیدەر عەبادییەوە پێشنیار بكرێت، نابێتە نوێنەری كورد و تەنیا نوێنەرایەتیی سەرۆكوەزیرانی عێراق دەكات.




