فراكسیۆنە كوردستانی و عێراقییەكان، پرسگەلێك تاوتوو دەكەن

بەغدا-KDP.info- جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، فراكسیۆنە كوردستانییەكان و هەروەها سەرجەم فراكسیۆنە عێراقییەكانی نێو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش، لەبارەی ژمارەیەك پرسەوە كۆ دەبنەوە.
(د. تاریق گەردی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانـی راگەیاند: "بڕیار وایە ئەمڕۆ یەكشەممە سەعات 1ـی دوای نیوەڕۆ سەرجەم كوتلە سیاسیەكانی نێو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق لەگەڵ دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق كۆ ببنەوە بۆ تاوتووكردنی دواپێشهاتەكان و داواكاریی سەرۆكوەزیرانی عیراق (حەیدەر عەبادی) كە داوای كردووە ناوی بەربژێرەكانیان بۆ حكوومەتی تەكنۆكرات پێشكەش بكەن".
(گەردی) گوتیشی: "بەر لە كۆبوونەوەكە، بڕیارە سەعات 11ـی پێشنیوەڕۆ كۆبوونەوەی فراكسیۆنە كوردستانییەكان بكرێت و تاوتووی بابەتی چاكسازیی حكوومەت بكرێت و هەروەها لە نزیكەوە پێشنیازەكانمان یەك بخەین و یەكهەڵوێست بین بەرامبەر هەر ئەگەر و پێشهاتێكی نوێ".
نەشوان بەرزنجی




