٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەژنی قیامە پیرۆز دەکات

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-  وێڕای پیرۆزبایی جه‌ژنی قیامه‌ له‌ کریستیانه‌كان، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌خوازێ بە بازووی هێزی پێشمەرگە و هاوپەیمانان و دۆستان، بە زوویی بەرەی تیرۆر و تاریکی شکستی تاهەتایی پێ بهێنرێ و، سەرجەم ئاوارە و پەنابەران بە سەربەرزی و ئاسوودەیی بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

ده‌قی په‌یامی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی كوردستان:
بە بۆنەی جەژنی قیامەی پیرۆزەوە، گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی خوشک و برایانی کریستیانمان لە کوردستان دەکەین، هەروەها ئـەم جەژنە لە سەرجەم کریستیانانی عێراق و جیهان پیرۆز دەکەین و ئومیدەوارین ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ سەرجەم گەلی کوردستان و گەلانی ناوچەکە و جیهان.

کوردستان بە درێژاییی مێژوو لانەی پێکەوەژیانی ئایین و نەتەوە جیاوازەکان بووە و هاونیشتمانیانی کریستیان بە ئارامی لەگەڵ خوشک و برایانیان لە ئایینزاکانی دیکە لە سایەی کولتووری لێبوردەیی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەدا، سەربەرزانە ژیاون. ئێستاش بەهۆی شەڕی نەخوازراوی تیرۆریستانەوە هەرێمەکەمان بۆتە پەناگەی هەزاران هاووڵاتیی کریستیانی ناوچەکانی دیکەی عیراق کە لە دەست شەڕ و تیرۆر، بە ناچاری ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە و حکوومەت و گەلی کوردستان  بەوپەڕی بەرپرسیارێتیەوە باوەشیان بۆ کردوونەتەوە.

هیوادارین بە بازووی هێزی پێشمەرگە و هاوپەیمانان و دۆستانمان بە زوویی بەرەی تیرۆر و تاریکی شکستی هەتاهەتایی پێبهێنرێ و، سەرجەم ئاوارە و پەنابەران و لەنێویشیاندا خوشک و برایانی کریستیانی ئاوارە بە سەربەرزی و ئاسوودەیی بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

دووبارە جەژنی قیامە لە سەرجەم خوشک و برایانی کریستیانمان پیرۆز دەکەین و هیوادارین ببێتە مایەی ئاشتی و پتەوترکردنی بنەماکانی لێبوردەیی و پێکەوەژیانی نێوان سەرجەم ئایین و نەتەوەکان لە کوردستان و عێراق و جیهاندا.

2016/3/26

ئەنجومەنی وەزیرانی کوردستان

هەواڵی پەیوەندیدار