"هێزی دژەتیرۆر رۆڵی دیاریان لە کوشتنی کەسی دووەمی داعش لە سووریادا هەبوو"

ھەولێر-KDP.info- (مەسروور بارزانی) راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان لە ھەژماری کۆمەڵایەتی تویتەر، دەستخۆشی لە سەرجەم ئەوھێزانە کرد کە بەشداربوون لەو ئۆپەراسیۆنە تایبەتییەی کە بووە ھۆی کوشتنی کەسی دووەمی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە سووریادا و، ئاشکرای کرد کە هێزی دژەتیرۆری کوردستان رۆڵێکی دیاریان لە ئۆپەراسیۆنەکەدا هەبووە.
(مەسروور بارزانی) راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، لە ھەژماری تایبەتی خۆیدا تویتێکی بڵاو کردەوە و تێیدا رایگەیاند: "ھێزی دژەتیرۆری سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان بەشدار بوون لەو ئۆپەراسیۆنە تایبەتەی کە چەند رۆژێک لەمەوبەر بە ھاوبەشی لەگەڵ ھێزێکی تایبەتی ئەمەریکایی لە سووریادا ئەنجام درا و، تیایدا کەسی دووەمی داعش لە سووریا بەناوی (عەبدولڕەحمان محەمەد مستەقا ئەلقەدوولی)، کە بە حاجی ئیمام ناسراوە، کوژرا".
لە تویتەکەدا (مەسروور بارزانی) رایگەیاندووە: "دەستخۆشی لە سەرجەم ئەو ھێزانە دەکەم کە بەشدار بوون لە ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکە کە بووە ھۆی کوشتنی کەسی دووەمی رێکخراوی داعش لە سووریادا (حاجی ئیمام) و، شانازیش دەکەم کە ھێزەکانی دژەتیرۆری کوردستان رۆڵێکی دیاریان لەو ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەدا ھەبوو".




