ئه‌م نه‌ورۆزه رێژه‌ی هاتنی گه‌شتیاران دوو به‌رامبه‌ر زیادیكردووه

سۆران-KDP.info- رۆژانه به ده‌یان پاسی گه‌شتیاری له باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراق و وڵاتی ئێرانه‌وه ده‌گه‌نه ناوچه گه‌شتیارییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، به گوته‌ی به‌رپرسانی گه‌شتیاریش، ئه‌م نه‌ورۆزه رێژه‌ی هاتنی گه‌شتیاران به به‌راورد به ساڵی رابردوو دوو به‌رامبه‌ر زیادیكردووه.
(بارزان محه‌ممه‌د) به‌ڕێوبه‌ری گه‌شتوگوزاری سۆران، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "له ماوه‌ی سێ رۆژی جه‌ژنی نه‌ورۆزدا زیاتر له 3 هه‌زار گه‌شتیار له شاره‌كانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق سه‌ردانی سۆرانیان كردووه و زیاتر له ماوه‌ی 24 سه‌عات ماونه‌ته‌وه، ئه‌گه‌رنا ئه‌و گه‌شتیارانه‌ی له ماوه‌ی كه‌متر له 24 سه‌عات ماونه‌ته‌وه ڕێژه‌كه زۆر زیاتر بووه به به‌راورد به ساڵی ڕابردوو.
گوتیشی: "له‌م نه‌ورۆزه‌دا ده‌روازه سنوورییه‌كان وێستگه‌یه‌كی دیكه‌ی هاتنی گه‌شتیاران بوون بۆ هه‌رێمی كوردستان، به جۆرێك ته‌نیا له سنووری نێوده‌وڵه‌تی حاجی ئۆمه‌ران بۆ جه‌ژنی نه‌ورۆز زیاتر له 10 هه‌زار گه‌شتیار ڕوویان له هه‌رێمی كوردستان كردووه و له رۆژانی نه‌ورۆز ئه‌و ڕێژه‌یه گۆڕانكاری به‌سه‌ر هاتووه و ژماره‌كه زۆر زیاد بووه.
به‌ڕێوبه‌ری گه‌شتوگوزاری سۆران ده‌شڵێت، كار ئاسانییه‌كی زۆرمان بۆ گه‌شتیاران كرد بوو، ڕۆژێك پێش جه‌ژنی نه‌ورۆزیش فیستیڤاڵێكی گه‌وره‌مان ئه‌نجامدا و هاوكاریه‌كی باشیش هه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی به باشترین شێوه پێشوازی له گه‌شتیاران بكه‌ین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا رۆژانه له بواری خزمه‌تگوزاری به‌رده‌وام هه‌ڵمه‌تی خاوێنكردنه‌وه‌ی شوێنه گه‌شتیاره‌كانمان ئه‌نجامداوه.
ڕابین شێروانی




