پاڵێوراوێکی کۆمارییەکانی ئەمریکا ڕەخنە لە ئۆباما دەگرێت

واشنتن-KDP.info- تێد کرۆز، پاڵێوراوی کۆمارییەکان بۆ ھەڵبژاردنەکانی ئەمریکا دەڵێت، سەرۆک ئۆباما گەورەترین ھەڵە دەکات کە بڵێت خۆمان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە دوور دەگرین. تێد کرۆز، پاڵێوراوی کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا و سیناتۆری ویلایەتی تەکساس، لە کۆبوونەوەی لیژنەی کاروباری جوولەکە ئەمریکییەکان لە کۆنگریسی ئەمریکا ڕایگەیاند، سەرۆک ئۆباما ھەڵەی گەورە دەکات کە دەڵێت خۆمان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دووردەخەینەوە.
کۆنفرانسەکە،کە لە 23ی ئادار لە واشنتۆن بەڕێوەچوو، لە بەردەم ڕۆژنامەنووساندا وتی "کاتێک کە سەرۆک ئۆباما بۆ گۆڤاری ئەتلانتیک قسەی کردووە و وتوویەتی، خۆمان لە کاروباری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دووردەخەینەوە، گەورەترین ھەڵەی کردووە و مانای ئەوەیە، لە وانەکانی 11ی سپتەمبەر و تەقینەوەکانی پاریس و ئیستانبووڵ و برۆکسل تێنەگەیشتووە."
ھەروەھا دەڵێ، "پێوستە شانبەشانی چڕکردنەوەی ھێرشە ئاسمانییەکان و چەکدارکردنی کورد دژی داعش، ڕێوشوێنی ئەمنی و رێگاگرتن لە کۆچبەران و ڕێکخستنی ڤیزابەخشین بخاتە بەرنامەیەوە ."
ھەروەھا ھێرشی توندی کردە سەر دۆناڵد ترامپ کە دەڵێ، لە کاروباری رێکخراوە جیهانییەکا دەکشێینەوە، و وتوویەتی" ھەر بە ھۆی قسەکانی ئەوەوە ھێرشەکانی بروکسل ڕوویدا."




