"داواكراوە وەزیرە کوردەکان لەپۆستەکانیاندا بمێننەوە"

بەغدا-KDP.info- پەرلەمانتارێکی پارتیی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد، کورد داوای لەسەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە گۆڕانکاری لە وەزیرەکانیان نەکرێت و، لە پۆستەکانیاندا بمێننەوە.
ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەفراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان (موحسین سەعدوون) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند" تائێستا دیار نییە سەرۆکوەزیران چ گۆڕانکاریەک لەکابینەکەی دەکات و کامە وەزیر دەگۆڕێت، بۆیە بڕیارە حەفتەی دابێ بگەڕێینەوە بەغدا و ئەو کات دیار دەبێ کابینەکەی نوێی حکوومەتی عێراق چۆن دەبێت.
(موحسین سەعدوون) گوتیشی، ئێمەی کورد داوامان کردووە کە گۆڕانکاری لەوەزیرە کوردەکان نەکرێ کە ژمارەیان سێ وەزیرە و لەشوێنی خۆیاندا بمێننەوە.
(سەعدوون) ڕوونیشی کردەوە، ئێمە وەکو کورد ھیچ تێبینیمان لەسەر وەزیرەکانی خۆمان نییە، ھەر بۆیەش داوامان کردووە لەشوێنی خۆیان بمینێن و گۆڕانکاری تێدا نەکرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، ھەرکاتێک گەڕاینەوە بۆ بەغدا ئەوکات تەماشای گۆڕانکاریەکان دەکەین و رای خۆمان لەبارەی گۆڕانکاریەکان دەڵێین.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەشیی دا، لیژنەیەک بۆ گۆڕانکاری لەکابینەی حکوومەت دروست کراوە و ئەو لیژنەیە بڕیاردەدات چ گۆڕانکاریەک لەو کابینەیە دەکرێ.
بڵند ئیبراھیم




