"پێشمەرگە بۆ پاراستنی ملیۆنێک کورد و کوردستانیانی مووسڵ، دەبێ بەشداری گرتنەوەی بکات"

ھەولێر-KDP.info- سیاسەتمەدارێکی کورد و پەرلەمانتارێکی کورد لە بەغدا، جەخت دەکەنەوە کە لەگرتنەوەی مووسڵدا ئەگەر پێشمەرگە بەشداربێ، ئەوا پێگەی هەرێم لەڕووی سیاسی و سەربازییەوە لەدیتی ئەمەریکا و نەتەوەیەکگرتووکان بەرزتر دەبێ؛ هەروەک ناشاردرێتەوە کە ملیۆنێک کورد دانیشتووی مووسڵن، بۆیە دەبێ پێشمەرگە بۆ پاراستنی کورد و کوردستانیان دەبێ لەو جەنگەدا بەشدار بێ.
گرتنەوەی مووسڵ جارێکی دیکە بووەتە پرسیارێکی جیدی بۆ هێزە سیاسییەکانی ناوخۆی عێراق و بگرە بۆ ئەمەریکا و هاوپەیمانانیش کە ئایا بەرلەوەی هەنگاو بۆ گرتنەوەی مووسڵ بنرێ، رێککەوتنێکی هەمەلایەنە پێویستە بۆ ئەوەی لەکاتی ئازادکردنەوەی مووسڵ کێشەی سەربازی و سیاسی لەنێوان هێزە سەربازی و سیاسییەکان روونەدات؟ لە وەڵامدا سیاسەتمەداری کورد (د.مەحموود عوسمان) بەماڵپەڕیی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "بەڵێ رێککەوتنی پێش وەختە زۆر پێویستە بەرلەوەی کە دەست بەگرتنەوەی مووسڵ بکرێ، رێککەوتن لەڕووی سیاسی و سەربازیی و ئابوورییەوە پێویستە.
مەحموود عوسمان لەگەڵ ئەوەی بەشداری پێشمەرگە لە گرتنەوەی مووسڵ بە هەنگاوێکی گرینگ ناو دەبات، هاوکات دەیشڵێ، دەبێ کورد لە گرتنەوەی مووسڵدا دەستکەوتی هەبێ، لەڕووی کارگێڕیشەوە دەبی رێککەوتن بکرێ لەچۆنییەتی بەڕێوەبردنی مووسڵدا، لەڕووی سەربازیشەوە دەبێ کۆمەک و هاوکارییەکەی باشی پێشمەرگە بکرێ.
د.مەحموود عوسمان نایشارێتەوە کە تا داعش لە مووسڵ بێ مەترسی گەورەی بۆسەر هەرێمی کوردستان دەبێ، خۆ مەترسییەکەیش هەستی پێدەکرێ کە رۆژانە لەوێوە هێرشدەکرێتەوە سەر پێشمەرگە؛ بەشداری پێشمەرگە لە گرتنەوەی مووسڵ بۆ پێگەی هەرێم زۆر باشە؛ وەک دەیشزانرێ کە داعش لەدوو شوێنی ستراتیژی دایە مووسڵ و رەققە بۆیە بەگرتنەوەی مووسڵ داعش بەرەو لەناوچوون و لاوازبوون دەچێ.
گەر پێشمەرگە بەشداری گرتنەوەی مووسڵی کرد سوودی ئەم بەشدارییە چی دەبێ؟ لە وەڵامدا سیاسەتمەداری کورد (مەحموود عوسمان) دیاری کرد کە وێڕای ئەوەی کە پێگەی سیاسی و سەربازی هەرێم لەلای ئەمەریکا و عێراق و نەتەوەیەکگرتووەکانیش بەهێزتر دەبێ، هەروەها حیسابێکی زیاتریش بۆ پێشمەرگە دەکرێ؛ لەڕووی ئاساییشەوە زیاتر هەرێم لەمەترسی دوور دەبێ، بۆیە من لەگەڵ بەشداری پێشمەرگەم بۆ جەنگی ئازادکردنەوەی مووسڵ، بەڵام دەبێ بە ڕێکی هەنگاوی بۆ بنرێ.
هەر پێوەست بە بەشداری پێشمەرگە لە گرتنەوەی مووسڵدا، (موحسین سەعدون) ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ماڵپەڕیی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان، بایەخ و گرینگی مووسڵ رووندەکاتەوە کە بۆ پێگەی هەرێمی کوردستان بەشداری پێشمەرگە لەشەڕی گرتنەوەی مووسڵدا ستراتیژی و گرینگە.
موحسین سەعدون دەڵێ، ١٦ یەکەی ئیداری کورد لە مووسڵە، بەر لەوەی پێشمەرگە بەشداری ئەو جەنگە بکات پێویستە رێککەوتنی تەواوی لەگەڵ هێزەکانی دیکەی بەشدار هەبێ، رێککەوتن لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان و پێکهاتەکان و عێراق و ئەمەریکا زۆر گرینگە.
سەعدون، ئاماژەی بە ویستی مەسیحی و شەبەک کرد لە بەشداری پێشمەرگە بۆ پاراستنی ناوچەکانیان و هەروەها بەشداریان لەچوارچێوەی پێشمەرگە بۆ شەڕی گرتنەوەی مووسڵ، چونکە مەسیحی و شەبەک متمانەی تەواویان تەنها بە پێشمەرگە هەیە.
(موحسین سەعدون) ئاماژەیشی دا ئەگەر ژمارەی دانیشتوانی مووسڵ ٣ ملیۆن کەس بێ، ئەوا ١ ملیۆن کەس کوردن، جا ئەمەیش گرینگە کە پێشمەرگە بۆ پاراستنی کورد و کوردستانیان بەشداری لە گرتنەوەی مووسڵ بکات.
فایزە پاڵانی




