نوێنەری بان کی مۆن داوا دەکات کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بڕیاری دژ بەداعش بدات

هەولێر-KDP.info- نوێنەری تایبەتی (بان کی مۆن) سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، داوا دەکات کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ھەمان بڕیاری ئەمریکا دژ بەداعش بدات و عێراقیش یاساکانی خۆی بگونجێنێ.
(یان کوبیش) نوێنەری تایبەتی (بان کی مۆن) لە عێراق لە بەیاننامەیەکدا، پێشوازی لە بڕیاری حکوومەتی ئەمریکا کرد بە ناساندنی تاوانەکانی داعش لە عێراق بە جینۆساید و داوای کرد وڵاتانی دیکەش ھەمان بڕیار بدەن و عێراقیش یاساکانی لەگەڵ پێودانگە نێودەوڵەتییەکان بگونجێنێ تا ھەرچی تاوانبارە بەرامبەر بە گەلانی عێراق بدرێنە دادگا.
(کوبیش) وێڕای ئاماژە بە گرنگیی ئەو ھەنگاوەی ئەمریکا، دەڵێت، ئێستا ئەرکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە ھەمان بڕیار بدات و گەرەنتی ئەوە بکات کە ئەو تاوانبارانەی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییان ئەنجام داوە بدرێنە دادگا و لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکرێ.
ھەروەھا دەڵێ، پێویستە لەسەر حکوومەتی عێراق دەستبەجێ ویلایەتی قەزائی بدات بە دادگاکانی تا بتوانن لێکۆڵینەوە لە تاوانی نێودەوڵەتی بکەن کە لە عێراقدا ئەنجام دراون و ھەموو بە بەڵگە سەلماون، داواشی کرد عێراق ببێت بە بەشێک لە پەیڕەوی بنەڕەتی لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، یان ئەو کێشەی ئێستا لە عێراق ھەیە ڕەوانەی دەسەڵاتی ئەو دادگایەی بکات تا گرەنتی سزادانی تاوانباران بەدی بێ.




