ئێمنکی، لە نەورۆزدا کەرکووک تاجی سەرکەوتنی ڕاپەڕینی لەسەر نا

هەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە پەیامێکدا بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و، هاتنەوەی سەری ساڵی نوێی كوردییەوە، دەڵێ جەژنی نەورۆز سومبولی سەركەوتن و، ڕزگاری و سەرفرازی و تێكۆشان و فیداكاری گەلی كوردە لە دژی زوڵم و ستەم و چەوسانەوەدا، هەروەها بۆنەیەكی مژدەبەخشی سەركەوتنی ڕاپەڕینە شكۆدارەكەی بەهاری (1991)ـە، كە تیایداشاری كەركووكی خۆشەویست ڕزگار كرا و تاجی سەركەوتنی ڕاپەڕینی لەسەر نا.
دەقی پەیامەکە:
بە بۆنەی جەژنی نەورۆز و هاتنەوەی سەری ساڵی نوێی كوردییەوە، گەرمترین و جوانترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی گەلی كورد بە گشتی و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان بە تایبەتی دەكەین.
جەژنی نەورۆز سومبولی سەركەوتن و ڕزگاری و سەرفرازی و تێكۆشان و فیداكاری گەلی كوردە لە دژی زوڵم و ستەم و چەوسانەوەدا، هەروەها بۆنەیەكی مژدەبەخشی سەركەوتنی ڕاپەڕینە شكۆدارەكەی بەهاری (1991)ە، كە تیایدا شاری كەركووكی خۆشەویست ڕزگار كرا و تاجی سەركەوتنی ڕاپەڕینی لەسەر نا.
هیوادارین ساڵی نوێی كوردی، ساڵی خێروخۆشی و ئاشتی و خۆشگوزەرانی و چارەسەركردنی قەیرانەكان و كێشە و داخوازییەكانی خەڵكی كوردستان بێت، ساڵی سەركەوتنی یەكجاری بێت لە شەڕی دژی تیرۆر، ساڵی قووڵكردنەوەی گیانی یەكڕیزی و تەبایی و، پێكەوەژیان و چاكسازی ڕیشەیی و، وەدیهێنانی ئامانجە چاوەڕوانكراوی گەلەكەمان بێت.
دووبارە، جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی كوردی لە هەموو لایەك پیرۆز بێت.
دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان
20/3/2016




