پۆلیسی هەولێر پلانی ئەمنی ڕاگەیاند

هەولێر-KDP.info- بە بۆنەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز و سەری ساڵی كوردییەوە، پۆلیسی هەولێر بە هەماهەنگیی ئاسایش و پۆلیسی هاتوچۆ و سەرجەم هێزە تەناهییەكانی دیكە، پلانێكی ئەمنیی تۆكمەی داڕشتووە و داواش لە هاووڵاتیان دەكات بۆ سەلامەتیی گیان و ماڵیان، هاوكاری هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ بن.
لیوای مافپەروەر (عەبدولخالق تەڵعەت) بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، هێزەكانیان بە هاوكاریی ئاسایشی هەولێر و پۆلیسی هاتوچۆ و هێزە ئەمنییەكانی تر، لە ئەمڕۆ یەكشەممەوە پلانێكی ئەمنی جێبەجێ دەكەن و بەوپەڕی چاوكراوەییەوە گیان و ماڵی هاونیشتمانیان دەپارێزن.
بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، سەرجەم هێزە ئەمنییەكان لە ناوشار و دەرەوەی شار و سەرجەم سەیرانگاكانی هەولێر و دەوروبەری، بڵاوەیان پێ كراوە و بەرپەرچی هەر حاڵەتێكی نایاسایی و نائاسایی دەدەنەوە.
لیوا (عەبدولخالق) وتیشی: پلانەكە لە ئەمڕۆوە دەستی پێكردووە و تا 23ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، داواش لە هاووڵاتیان دەكەین هاوكاری هێزە ئەمنییەكان بن، تا سەروماڵیان پارێزراو بێت و ئەم جەژنەش وەك ساڵانی پێشوو لەوپەڕی ئارامی و ئاسایشدا سەیرانی خۆیان بكەن و دووچاری هیچ گیروگرفتێك نەبنەوە.
ئومێد بابان




