هیچ لایەنێک ناتوانێ ڕۆڵی پێشمەرگە لە ڕزگاركردنی مووسڵ کەم بکاتەوە

هەولێر-KDP.info- سوپاسالاری پێشمه‌رگه و مامۆستایەکی زانکۆ جەخت دەکەنەوە کە دەبێ هێزی پێشمەرگە بەشدار بێ لە ڕزگاركردنه‌وه‌ی مووسڵ، چونکە پێشمەرگە تاکە هێزە بەبێ جیاوازی بەرگری لە هەموو پێکهاتەکان دەکات و، له توانایدایه ئاسایشیان بپارێزێت.
(جەمال ئیمینکی) سوپاسالاری پێشمەرگە ده‌رباره‌ی ڕزگاردنەوەی مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئه‌وی ڕاستی بێ بەشداربوون یان بەشدارنەبوونی هێزی پێشمەرگەی کوردستان له دەستەڵاتی جەنابی سەرۆک (مەسعوود بارزانی)دایە وەک فەرماندەی گشتیی لەشکری کوردستان؛ هه‌ڵبه‌ته پێگەی جیۆگرافیی مووسڵ بۆ هەرێمی کوردستان زۆر گرینگە، چونكه هاوسنوورە لەگەڵ شاری دهۆک و هەولێریشدا؛ خۆی لە ڕۆژهەڵات و باکوور و ڕۆژئاوای مووسڵدا هەموو جێگە گرینگ و ستراتیژییەکان لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزی پێشمەرگەدایە و، پێشمەرگه ڕزگاری کردوون و ئاسایشی ئەو ناوچانه‌ی دابین كردووه؛ جا لەبەر ئەوە خەڵکی ناوچەکەش پێیان خۆشە کە هێزی پێشمەرگە بەشدار بێت له ڕزگاركردنی مووسڵدا و بەرگرییان لێ بکات، مه‌به‌ست له ناوچە عەرەبنشینەکانه و، خواستی وان ئه‌وه‌یه پاش ڕزگاكردنه‌وه‌ی مووسڵیش هه‌ر پێشمەرگە بیانپارێزێت؛ ئاخر ئه‌وان دەزانن هێزی پێشمەرگە ئاسایشی ئەو ناوچانە بەبێ جیاوازکا، با هەر نه‌ته‌وهیەک بن و، هەر دینێکیان هەبێت."
(ئێمینكی) دووپاتی ده‌كاته‌وه كه، پێكهاته‌كانی ئه‌و ناوچانه بۆیان سەلمێندرا کە هێزی پێشمەرگە تاکە هێزێکە بتوانێت بەبێ جیاوازی بەرگری لەو ناوچانە بکات، لەبەر ئەوە کەس ناتوانێت ڕۆڵی هێزی پێشمەرگە لەو دەڤەرانەی مووسڵ کەم بکاتەوە و، له ڕزگاكردنه‌وه‌ی مووسڵیشدا ڕۆڵی سه‌ره‌كیی ده‌بێ.
(سەرۆک بارزانی) لە گوتەکانیدا هەمیشە جەخت لەوە دەکاتەوە کە تا داعش لە مووسڵ بێ، مەترسی بۆ سەر هەرێم هەیە، تەنانەت ئەگەر مووسڵیش ئازاد کرا و پێگەی کوردی لێ نەمێنێ، ئەوا خەڵێکی دی بچێتە ئەوێ و شوێنی پێشمه‌رگه بگرێته‌وه، دوور نییه جارێكی دی ببنه‌وه مه‌ترسی بۆ کورد؛ (ئیمینکی) له‌و ڕووه‌وه گوتی: "سەداسەد ڕاستە. لەبەر ئه‌وه‌ی شاری مووسڵ لە هەرێمی کوردستانەوە نزیکە، بە تایبەت لە هەولێر و دهۆکەوە؛ هەر لایەنێک لە ناو شاری مووسڵ بێت، گه‌ر بیه‌وێ ده‌توانێ گرفت بۆ هەرێمی کوردستان بنێته‌وه و ببێ به هه‌ڕه‌شه به سه‌رمانه‌وه؛ خۆ جیۆگرافیای شاری مووسڵ و دیمۆگرافیاكه‌یشی وایه كه ناوچەیەكی تێکەڵه، عەره‌ب به شیعە و سوننەوه، کورد، تورکمان، مەسیحی و هەموو پێکهاتە جیاوازەکانی عێراقی تێدایە بە ئایینزای جیاوازیشه‌وه، جا ئەگەر هات و شاری مووسڵ وەکو ئەوەی لە ( ٢٠٠٣)ەوە ڕژێمی (سەددام) ڕووخا هێزی پێشمەرگە چووه ناو مووسڵه‌وه، به‌ڵام دواتر كه به بڕیاری سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كورد گه‌ڕایه‌وه، زۆر جار له‌وێوه هەڕەشە له هەرێمی کوردستان كراوه. له ڕاستیدا نابێ هه‌ر له ڕووه سه‌ربازییه‌كه‌یه‌وه سه‌یری مووسڵ بكرێ، به‌ڵكه دەبێت ڕێککەوتنی سیاسی هەبێ له‌و پرسه‌دا، ئه‌وه‌ی كه پێوه‌سته به ڕووه سه‌ربازییه‌كه‌وه، باوه‌ڕی من وایه كه، دەبێت ناوچەکە لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە زۆر بە باشی کۆنترۆڵ بکرێت، كه مه‌به‌ست لێی بەرقەراركردنی ئاسایشی ناوچه‌كه و پێكهاته‌كانیه‌تی".
سوپاسالاری پێشمه‌رگه گوتیشی: "ڕاسته كه ڕێككه‌وتنی سیاسی و سه‌ربازی هەیە له نێوان هه‌ولێر و به‌غدادا به هه‌ردوو لایه‌نی شیعه و سوننه‌وه، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌تیی نێوده‌وڵه‌تیی دژ به داعش كه ئه‌مه‌ریكا سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات، هه‌یه، جا ئه‌گه‌ر هه‌وڵێكیش لێرەوله‌وێ هه‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی له كاریگه‌ریی به‌شداری و پاراستنی ناوچه‌كاندا كه‌م بكاته‌وه، ئه‌وا بۆیان ناچێتە سه‌ر، چونکە دەرکەوت هێزی پێشمەرگە تاکە هێزە متمانەی پێ بکرێت و هەر ناوچەیەکیش تا ئێستا لەلایەن هێزی پێشمەرگەوه ئازاد کرابێت، ئێستا بە ئازادی و هێمنی ژیانی لێ دەکرێت."
)ئێمینكی) له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری به‌شداریكردنی حەشدی‌شەعبییش له جه‌نگی ڕزگاركردنه‌وه‌ی مووسڵدا گوتی، هێشتا دیار نییە ئایا حەشدی‌شەعبی بەشدار دەبێت یام نە، بەڵام حکوومەتە خۆجێییەکەی مووسڵ پێی باش نییە حەشدی‌شەعبی بەشدار بێت.
وه‌ك سوپاسالار ده‌ڵێ، مووسڵ و ده‌وروبه‌ری به ته‌نیا ناكرێ هه‌ر دیوه سه‌ربازییه‌كه‌ی بخوێندرێته‌وه، چونكه ناوچه‌یه‌كی فراوانه و تێیدا پێكهاته‌ی جیاواز ده‌ژیێن، ئه‌وا ڕووه سیاسییه‌كه‌یشی گرینگه و، پێوه‌ست به‌م پرسه‌یش مامۆستای زانستە سیاسییەکان (عەبدولحەکیم خەسرەو) باوه‌ڕی وایه كه گرتنەوەی مووسڵ زەحمەتە.
(عەبدولحەکیم خەسرەو) مامۆستای زانکۆ بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ده‌ڵێ: ''تەنانەت ئەگەر بڵێین حکوومەتی عێراق ڕێک نەکەوێ لەسەر ئەوەی کە کورد بەشدار بێ لە پرۆسەی گرتنەوەی شاری مووسڵدا، ئه‌وا حەشدی‌شەعبی یان سوپای عێراقی ناتوانن لە ڕێگەی کوردستانەوە بە ڕێگای باکوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواوه جه‌نگی مووسڵ به‌رپا بكه‌ن، ئه‌وكات دەبێت لە باشووری مووسڵەوە هێرش ببه‌ن و ئەمەش بۆیان زۆر قورس و ئه‌سته‌م ده‌بێ سه‌ر بكه‌ون. به‌وواتایه‌ی بەشداریکردنی هێزی پێشمەرگە بابه‌تێكی بڕاوه‌یه؛ كه له پێكهاته‌كانی مووسڵ بڕوانین، ڕوونه كه کورد بەشێکی سەره‌کیی مووسڵ پێك دێنێ و، ناوچە کوردییەکانیش هێشتا بەشێکی لەژێر دەسەڵاتی داعشدایە، واتا دەبێت جووڵەی هێزی پێشمەرگە بەرەو هەندێک ناوچەی دیاریکراوی مووسڵ بڕوات تا بتوانێت لەو شوێنانەدا جێگیر بێت، چونکە ئەم شوێنانە ئەو پێکهاتانەن کە بەشێکن لە هەرێمی کوردستان و بەشێکیشن لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیداره‌ی هەرێمی کوردستان. جگە لەوە شاری مووسڵ خۆی لە ڕووی سەربازی و ئاسایشەوە ئەمجارەیان دەبێت هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی بەرچاوی تێیدا هەبێت، هه‌ڵبه‌ت ئێستا و پاشه‌ڕۆژیش."
ئه‌و مامۆستایه‌ی زانکۆ دەڵێ: "ئێمە دەزانین ڕێژەی هەرەزۆری خەڵکی مووسڵ ئەوەی لە نێو شاری مووسڵدا بێت جا ئه‌وی ئاوارە بووبێ، ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە كه ئه‌مه‌یش نیشانه‌ی متمانەیانه بە هێزی پێشمەرگە، بەهەمان شێوە گەڕانەوەیشیان بۆ شاری مووسڵ هەردەبێت لەژێر سایەی هێزی پێشمەرگە بێت. واتە دەبێت هێزی پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان ڕۆڵی هەبێت لە بابەتی پاراستن و ئاسایشی ئەم شارە. لەلایەکی ترەوە شاری مووسڵ لە ڕووی ستراتیژییەوە لە ئێستا و پاشه‌ڕۆژدا بۆ هەرێمی کوردستان زۆر گرینگە، چونکە مانەوەی داعش و گرووپه ته‌وندڕۆكان لە شاری مووسڵ بە بەردەوام هەڕەشە دەبێت لەسەرکوردستان و نابێت بە هیچ شێوەیەک مووسڵ و ئاسایشی مووسڵ ببێتە هەڕەشە لەسەر هەرێمی کوردستان، بۆیە هەرێمی کوردستان بە بەردەوام پێداگیری لەسەر ئەوە دەکات و دەڵێت، پێویستە کورد بەشێک بێت لەهەر پرۆسەیەک کە دووبارە نەخشەی سیاسی و نەخشەی ئاسایشی شارەکە ڕێک بخاتەوە".
(خەسرەو) ده‌رباره‌ی حەشدی‌شەعبییش گوتی: "ئەوەی کە دیارە و ڕوونه زۆربەی هەرە زۆری پێکهاتەکانی دەوروبەری مووسڵ، بریتین له ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، بەو واتایەی ئەو ناوچانە لەژیر دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگە دەبن، هێزێکی تر جگە لە هێزی پێشمەرگە قه‌بووڵ ناکرێت لەو ناوچانەدا هه‌بن، هەر پێکهاتەیەکیش دەیەوێت بەشدار بێت لە پاراستنی سنووری ناوچه‌كانی خۆیان، بۆیه پێویستە لە چوارچێوەی پێكهاته‌ی سوپای پێشمەرگەدا بن، ئەمە بەلای هەرێمی کوردستانه‌وه بڕیارێک بوو سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کاتی خۆی دای، ئەم بریارەش جێبەجێ دەبێت، بۆیە له ڕاستیدا لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمدا حەشدی شەعبی جێگای نابێەوە، تەنانەت پێکهاتەکانی ناو شاری مووسڵیش قه‌بووڵ ناکەن حەشدی شەعبی بەشدار بێت لەو شەڕه‌دا. ئێمه‌یش دەزانین تەنانەت لە ڕزگارکردنەوەی ئەنباریشدا قه‌بووڵ نه‌كرا حەشدی شەعبی بەشدار بێت، ئه‌وه‌ی زانراویشه پێکهاتەکانی مووسڵ بە عەرەب و کورد و كۆی پێکهاتەکانی تری قه‌بووڵ ناکەن کەوا حەشدی شەعبی بەشدار بێت."
عەبدولحەکیم خەسرەو دەیشڵێ: "حەشدی‌شەعبی چوارچێوەیەکی یاسایی نییە و وه‌ك دەزگایەکی ڕێكخراو کار ناکەن و هیچ بەیەکبەستنەوەیەکی سەربازییان نییە و کۆمەڵێک میلیشیان، بۆیە هەر هێزێکی ناڕێكخراو دژی پێکهاتەکانی هەموو عێراقە، هەر له‌به‌ر ئه‌وه‌یشه كه هێزێک لە دەرەوەی سوپای عێراقی و هێزی پێشمەرگە بێت، بە هەڕەشە ده‌زانرێت لەسەر پێکهاتەکانی عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی."
فایزە پاڵانی




