مەسیحییەکان دەیانەوێ، هاوشانی پێشمەرگە بەشداریی گرتنەوەی مووسڵ بکەن

مووسڵ-KDP.info- سکرتێری پارتیی بەیتونەهرەین دەڵێ، ئێمە لە چوارچێوەی هێزی پێشمەرگە بەشداری لە پرۆسەی ڕزگارکردنی مووسڵ دەکەین و، بڕیاری سەرۆک بارزانیش بۆ دروستکردنی هێز بۆ پێکهاتەکان بە بڕیارێکی مێژوویی دەزانێت.
سکرتێری پارتیی بەیتونەهرەین (ڕۆمیۆ هەکاری) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "هێزەکەی ئێمە لە ڕێگەی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروست کراوە، بەڵام خسوسیەتی نەتەوەی ئاشووری پێوە دیارە؛ خۆی ئەو هێزە بۆ دوو مەبەست دروست کراوە؛ یەکەم بۆ شەڕی ڕزگارکردنی مووسڵ لەگەڵ هێزی پێشمەرگە و، دووەمیش بۆ ئەوەیە دوای شەڕی داعش ناوچەکانی خۆمان بپارێزن."
وتیشی، ئێمە نامانەوێت سوپای عێراق ناوچەکەمان بپارێزێت و، دەمانەوێ هێزەکانمان بە هاوبەشی لەگەڵ هێزی پێشمەرگەدا ناوچەکە بپارێزرێت.
(ڕۆمیۆ هەکاری) ڕوونیشی کردەوە، بڕیاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ دروستکردنی هێز بۆ پێکهاتەکان بڕیارێکی مێژووییە و، بڕیاری وا لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە ڕابردوو نەدراوە، چونکە ئێمە تاوەکو ئێستا هێزی تایبەت بە خۆمان نەبووە.
بڵند ئیبراهیم




