٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لوبنان دەیەوێ لەکەرتی گەشتیاریدا هاوکاری هەرێم بکات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-   لەدیداریدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی کوردستان، وەزیری گەشتیاری لوبنان، رۆشننایی خستە سەر ئەو بوارانەی كە دەكرێت لوبنان تیایاندا هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكات بە پێشكەشكردنی شارەزایی و پسپۆڕی و ئەزموونی سەركەوتووی لوبنانی لە بواری گەشتیاریدا.

  ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 19 - 3 - 2016 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوزای لە میشال فرعۆن وەزیری گەشتیاریی لوبنان و شاندێكی یاوەری كرد كە بەمەبەستی بەشداریكردن لە كۆنفرانسی نێودەوڵەتیی گەشتیاری لە هەولێر، سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە.

لە دیدارێكدا باس لە كار و چالاكییەكانی ڕەوەندی لوبنانی لە هەرێمی كوردستان كرا و لەمبارەیەوە  وەزیری گەشتیاریی لوبنانی سوپاس و پێزانینی حكوومەتی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە كە ڕەوەندی وڵاتەكەیان لە هەرێمی كوردستان دەرفەتی باشی كار و وەبەرهێنانیان دەستكەوتووە و وەك ئەوەی لە وڵاتی خۆیاندا بن ژیان بەسەر دەبەن.

هەروەها باسی لە بواری گەشتیاری لە لوبنان كرد و تیشكی خستە سەر ئەو بوارانەی كە دەكرێت لوبنان تیایاندا هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكات بە پێشكەشكردنی شارەزایی و پسپۆڕی و ئەزموونی سەركەوتووی لوبنانی لە بواری گەشتیاریدا. جەختی لەوەش كردەوە كە هەرێمی كوردستان زەمینەیەكی لەباری بۆ گەشتیاری هەیە و لەمبارەیەوە لایەنە پەیوەندیدارەكانی لوبنان دەتوانن هاوكارییەكی باشی هەرێمی كوردستان بكەن.

لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی بەڕێز فرعۆن دەربڕی و هیوای خواست كە لوبنان بە ئەزموون و پسپۆڕی، بەتایبەتی لە بواری خزمەتگوزاریی گەشتیاریدا هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكات و لەمبارەیەوە سوود بە هەرێم بگەیەنێت.
لە بەشێكی دیكەی دیدارەكە باس لە دوایین پەرەسەندنەكانی شەڕی دژی تیرۆر لە ناوچەكە و بەتایبەتی لە سووریا كرا و تیشك خرایە سەر لێكەوتە و كاریگەرییەكانی ئەو شەڕە لەسەر تەواوی ناوچەكە بە تایبەتیش ئەو وڵاتانەی كە لە ڕووداوەكانەوە نزیكن وەك لوبنان و وڵاتەكانی دیكەی دەوروبەری سووریا و عێراق. هەروەك خواستی ڕەوەندی لوبنانی بۆ كردنەوەی كونسوڵخانەیەكی وڵاتەكەیان لە هەرێمی كوردستان خرایە ڕوو تا بتوانێت زیاتر گرنگی بە كاروباری ڕەوەندی لوبنانی لە هەرێمی كوردستان بدرێت.

تاوتوێكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر بەغدا و چۆنیەتی هەماهەنگیی زیاتری نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق لەگەڵ لوبنان بەتایبەتی لەبواری گەشتیاریدا، بەشێكی دیكەی دیدارەكە بوو.

لە كۆتایی دیدارەكەدا هەردوو بەڕێزان سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و وەزیری گەشتیاری لوبنان، دیاری و یادگاریان گۆڕییەوە.
 

هەواڵی پەیوەندیدار