٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نەورۆز مەولوود: نەمانتوانیوە نیوەی ژمارەی پێوانەیی گەشتیاران رابکێشین

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- لە کاتێکدا ساڵانی رابردوو کەرتی گەشتیاری لە باشووری کوردستان بەردەوام لە پێشکەوتندا بوو، بەڵام لە دوو ساڵی رابردوودا ئەو کەرتە پاشکەوتووە و، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستانیش دەڵێ، نەمانتوانیوە نیوەی ژمارەی پێوانەیی گەشتیاران رابکێشین.

بەپێی گوتەی (نەورۆز مەولوود) وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە کۆنفرانسە گەشتوگوزارییەکەی هەولێردا کە رۆژی 19-3-2016 لە هەولێر دەستیپێکرد و دوو رۆژ بەردەوام دەبێت "کەرتی گەشتیاری کوردستان بەهۆی دۆخی سیاسییەوە هەڵبەز و دابەزی زۆری بەخۆیەوە بینیوە و،  هێشتا نەمانتوانیوە نیوەی ئاستی پێوانەیی گەشتیاران رابکێشینە هەرێمی کوردستان".

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتیشى:  "لەدوای ساڵی 2003 بەهۆی سەقامگیریی دۆخی ئاسایش لە هەرێمی کوردستان، کەرتی گەشتیاری گەشەسەندنی باشی بەخۆیەوە بینی و بووە ئارامگەیەک بۆ گەشتیارانی شارەکانی ناوچەکانی دیکەی عێراق و وڵاتانی دراوسێی هەرێمی کوردستان وەکو ئێران".

(نەورۆز مەولوود) نایشارێتەوە هەرێمی کوردستان توانای راکێشانی گەشتیاری زۆرە و دەڵێ "هێشتا لەوە دوورین بڵێین کوردستان بەقەدەر تواناکانی خۆی گەشتیاری راکێشاوە، هەرێمی کوردستان تەنانەت نیوەی گەشتیاریشی بەراورد بە توانا گەشتیارییەکانی خۆی رانەکێشاوە".

بەشێک لەو هۆکارەنەی بوونەتە هۆی پاشکەوتنی کەرتی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان بەپێی گوتەی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بریتین لە: " نەبوونی کۆمەڵگەی گەشتیاری پێشکەوتوو، نەبوونی رێگەی هاتوچۆی سەقامگیری بەردەوام لە دەرەوەی هەرێمەوە بۆ ناوەوەی هەرێم و، گرتنی ناوە ناوەی دەروازەکان بەهۆی ناسەقامگیری هەندێک لە وڵاتانی دەروبەر.. هەروەها نەبوونی هەماهەنگی و رێوشوێنی ئەمنی".

 

هەواڵی پەیوەندیدار