٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نوێنەری ئۆباما پشتگیریی ئەمەریكای بۆ هەرێمی كوردستان دووپات دەكاتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-  نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە، كە ئەمەریكا لە پشتگیریكردنی هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت، بەتایبەتی كە هەرێمی كوردستان دووچاری قەیرانێكی سەختی دارایی بووەتەوە و، ئەوان ئاگاداری ئەو دۆخە سەختەن و ئێستا تاوتووی ئەوە دەكەن كە بە چ شێوەیەك بتوانن هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكەن بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەكە.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 18 - 3 - 2016 (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە (برێت مەكگۆرك) نوێنەری تایبەتی (باراك ئۆباما)ی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە هاوپەیمانیەتیی نێودەوڵەتیی شەڕی دژی داعش و شاندێكی یاوەری كرد كە لە (ستیوارت جۆنز) باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و چەند بەرپرسیارێكی دیكە پێكهاتبوو.


لە دیدارێكدا كە (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆكوەزیران و (فوئاد حوسێن) سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و وەزیری ناخۆ و كاروباری پێشمەرگە بە وەكالەت ئامادەی بوون، (مەكگۆرك) خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و باسی لە دواپێشهاتەكانی بەرەكانی جەنگی دژی تیرۆریستانی داعش و پتەوتركردنی كۆمیتەی هەماهەنگیی نێوان هێزەكانی هاوپەیمانان و بەغدا و هەولێر كرد، بەمەبەستی ئـۆپەراسیۆنی ئازادكرنی شاری مووسڵ لە دەستی تیرۆریستانی داعش.

دووپاتیشی كردەوە كە ئەمەریكا لە پشتگیریكردنی هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت بەتایبەتی كە هەرێمی كوردستان دووچاری قەیرانێكی سەختی دارایی بووەتەوە و، ئەوان ئاگاداری ئەو دۆخە سەختەن و ئێستا تاوتووی ئەوە دەكەن كە بە چ شێوەیەك بتوانن هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكەن بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەكە.

لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و هاوكارییە بەردەوامەكانی ئەمەریكای بۆ پێشمەرگە كرد و، هیوای خواست ئەو هاوكارییانە فراوانتر و باشتر بكرێن، چونكە ئێستا هەرێمی كوردستان بە قەیرانێكی سەختی داراییدا تێدەپەڕێت و پێویستییەكی زیاتری بە هاوكاری لە ڕووی سەربازی و مرۆییەوە هەیە، بەتایبەتی كە ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە و پەنابەری دەستی تیرۆر ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە.

سەبارەت بە ڕەوشی سیاسیی ناوخۆی هەرێمی كوردستانیش، (نێچیرڤان بارزانی) ئاماژەی بەوە دا كە ئەوان ئامادەن بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكان گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەنەكاندا بكەن و، لەمبارەیەشەوە دەست بە هەڵنانی هەنگاوی پێویست کراوە و هیوای خواست لە داهاتوویەكی نزیكدا هەموو كێشەكان بگەنە چارەسەری گونجاو.

تاوتووكردنی پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەكە و وڵاتانی هاوسێی هەرێمی كوردستان و چەند بابەتێكی پەیوەندیداری وەك ئازادكردنی شاری مووسڵ و پێویستیی بەردەوامبوونی گفتوگۆ و دیالۆگ لە نێوان هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكان، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.

هەواڵی پەیوەندیدار