یوئێن ھاوکاریی حکومەت دەکات لە ڕووبەڕوو بوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان

هەولێر-KDP.info- ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری داوە بۆ بەردەوامی کاری بنکەکانی ڕووبەڕوو بوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ھاوکاریی حکوومەتی ھەرێم بکات.
بەرپرسی کاروباری ئافرەتانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای کرد، لە مانگی داھاتوودا گرێبەستێک لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا واژۆ دەکەن بۆ پێشکەشکردنی ھاوکاریی دارایی بۆ حکومەت تا کاروباری بنکەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان بەھۆی قەیرانی داراییەوە پەکییان نەکەوێ.
ھیبە قەساس بەرپرسی کاروباری ئافرەتانی یوئێن ڕایگەیاند بڕیاردراوە ھاوکاریی دارایی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکەین تا بەھۆی قەیرانەوە بنکەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان دانەخرێن و لە مانگی داھاتوودا گرێبەستێک لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆدا واژۆ دەکەین.




