دەوڵەتی یاسا هۆشداری دەداتە موقتەدا سەدر

بەغدا-KDP.info- دوای ڕاگەیاندنی مانگرتنی کراوەی سبەی لە بەردەم دەروازەکانى ناوچەى سەوز لەلایەن ئەندامان و لایەنگرانى موقتەدا سەدر، گرژی لە نێوان هاوپەیمانى نیشتمانیى شیعە پەرەی سەندووە.
لیستی دەوڵەتی یاسا کە نووری مالیکی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق سەرۆکایەتی دەکات، لە بەیاننامەیەکی هەڕەشەئامێزدا هۆشدارییان دایە موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر و ڕێکخەری مانگرتنەکە بەوەی کە ڕەوشی ناوخۆ ئاڵۆز دەبێت و تێکدانى دۆخى ئەمنى و پرۆسەى سیاسیى وڵاتی لێدەکەوێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، هادى عامرى ئەمیندارى گشتى رێکخراوى بەدر خۆى دوور گرت لەو بەیاننامەى دەوڵەتى یاسا و ئەو هەڕەشانە و داوایکرد بەرژەوەندیى گشتى ڕەچاو بکرێت.
سەبارەت بەو بابەتە، ئەنجومەنى وەزیرانی عێراق جەخت دەکاتەوە لەسەر بەرێوەچوونى خۆپێشاندان لە چوارچێوەى یاسایى و مۆڵەت وەرگرتن و یاسا ڕێگە نادات بە مانگرتن بەتایبەت لە دۆخى ئەمنیى ئاڵۆز و سەرقاڵبوونى هێزە ئەمنییەکان بە شەڕى داعش.




