بڕیارەكانی بارزانی بۆ چاكسازی، ئومێدێكی زۆری خستووەتە دڵی خەڵكەوە
_(1)__2016_03_17_h18m57s14__HK.jpg)
هەولێر-KDP.info- (موسلیح ڕەجەب) ئەندامی سەركردایەتیی حزبی سوسیالیست دیموكراتی كوردستان دەڵێ، بڕیارەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ چاكسازی لە حكوومەت و حزب، ئومێدێكی زۆری خستووەتە دڵی خەڵك و سەرجەم حزبەكانیشەوە، بۆیە پێویستە لایەنە سیاسییەكان پاڵپشتیی هەنگاو و بڕیارەكانی سەرۆكی هەرێم بن، بۆ ئەوەی جێبەجێ بكرێن.
(موسلیح ڕەجەب) ئەندامی سەركردایەتیی حزبی سوسیالیست دیموكراتی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "ئەمڕۆ پێویستمان بە یەكگرتن هەیە، پێویستە ڕیزەكانی خۆمان رێك بخەینەوە، هەروەها پێویستمان بە چاكسازی هەیە، ئەمڕۆ وەك كورد لە قۆناغێكی زۆر هەستیاردا دەژین، دەوروبەری ئێمە هەموو ئاگرە، بۆیە زۆر پێویستە ئەو بەرنامەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ چاكسازی ڕاگەیاندی، هەموو لایەنە سیاسییەكان بەبێ دوودڵی، جێبەجێ بكەن، چونكە ئەگەر تەماشا بكەین ئەوە زیاتر لە ١٠٠ ساڵە كورد خەبات دەكات، قوربانی دەدات، بۆیە زۆر پێویستە هەر لایەنێك لە خۆیەوە دەست پێ بكات و چاكسازی لەناو حزبكەی بكات، بۆ ئەوەی لەو قەیرانە داراییە ڕزگار بین و بە ئاواتی خۆمان بگەین، كە بە درێژایی مێژوو خەباتی بۆ دەكەین."
گوتیشی: "ئەمڕۆ جگە لە چاكسازی، هیچ ڕێگەیەكی دیكەمان نییە؛ وا هێزی پێشمەرگە لە بەرەكانی پێشەوە بەرگری لە خاكی پیرۆزی كوردستان دەكات، بۆیە نابێت لایەنەكان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان كێشە و گرفت بنێنەوە و، ڕەوشی كوردستان ناخۆش بكەن. بڕیارەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ چاكسازی لە حكوومەت و حزب، ئومێدێكی زۆری خستووەتە دڵی خەڵك و سەرجەم حزبەكانیشەوە و، پێویستە لایەنە سیاسییەكان پاڵپشتیی هەنگاو و بڕیارەكانی سەرۆكی هەرێم بن، بۆ ئەوەی جێبەجێ بكرێن."
ڕابین شێروانی




