خەڵک هێلاری و ترەمپی دەوێ

ئەمەریکا-KDP.info- ئەنجامی هەڵبژاردنە بەراییەکەی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا کە سێشەممە لە چەند هەرێمێکدا بەڕێوە چوو، نیشانی دەدات هێلەری کلینتۆن لە پارتی دیموکرات و دۆناڵد ترەمپ لە پارتی کۆماری پشتیوانییەکی باشیان لێ کراوە.
هەڵبژاردنەکان کە بۆ هەردوو پارتەکە لە هەرێمەکانی فلۆریدا و ئیلینۆی و میزۆری و کارۆلاینا و ئۆهایۆ بەڕێوە چوو، هێلەری لە هەموویان سەرکەوتنی بەسەر بێرنی ساندەرزی ڕکابەریدا تۆمارکرد. لە هەر پێنج هەرێمەکەدا هێلەری پشتیوانیی 326 نوێنەری بردەوە، بەڵام بێرنی ساندەرز تەنیا پشتیوانیی 220 نوێنەری بەدەست هێنا.
لە پێشبڕکێی کۆمارییەکانیشدا، دۆناڵد ترەمپ زۆرترین دەنگی بەدەست هێنا. لە هەرسی هەرێمی فلۆریدا و ئیلینۆی و کارۆلینا پشتیوانیی 152 نوێنەری بەدەست هێنا، بەڵام لە هەرێمی ئۆهایۆدا لە بەرامبەر جان کەیسک شکستی هێنا و پشتیوانیی هیچ کام لە ٦٦ نوێنەرەکەی ئەو هەرێمەی بەدەست نەهێنا.
پاش ڕاگەیاندنی ئەم ئەنجامانە مارکۆ ڕۆبیۆی کۆماری لە پێشبڕکێی پارتەکەی کشایەوە، بە تایبەتی دوای ئەوەی لە هەرێمەکەی خۆی واتە لە فلۆریدا پشتیوانی تاکە نوێنەرێکیشی بەدەست نەهێنا.
بەشێک لە کۆمارییەکان مەترسییان هەیە دۆناڵد ترەمپ هەروا دەنگی زیاتر بهێنێت و سەرئەنجام ببێتە کاندیدی پارتەکەیان بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵی سەرۆکایەتی ئەمەریکا.
VOA




