بزووتنەوەی ئیسلامی: دەبێ حكوومەتی عێراق بە ماددی و مەعنەوەی خەڵكی هەڵەبجە قەرەبوو بكاتەوە

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی ڕایگەیاند، حكوومەتی عێراق هیچ جۆرە هەڵوێستێكی دڵخۆشكەری بۆ ئەو خەڵكە نەنواندووە؛ بەوەیشدا دیارە حكوومەتی عێراق هەر وەک بەزمەکەی جاران مامەڵە لەگەڵ ئەو هەموو نەهامەتییە و، خەڵكی كوردستانیشدا دەكات؛ ئەوە شەرمەزارییەكی زۆر گەورەیە بە نێوچەوانی حكوومەتی عێراقەوە و، پێویستە بە ماددی و مەعنەوەی قەرەبووی خەڵكی هەڵەبجە و شارەكانی دیكەی كوردستان بكاتەوە.
(عەبدوڵا وەرتی) وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "دیارە ڕژێمی بەعس گازی خەردەلی دژی خەڵكی شاری هەڵەبجە بەكار هێنا و، زیاتر لە ٥هەزار كەسی شەهید و زیاتر لە ١٠هەزار كەسیشی بریندار کرد؛ تا ئێستایش بەهۆی ئەو گازەوە هاووڵاتیان گیان لە دەست دەدەن؛ جا دوای ڕژێمی بەعس، حكوومەتی عێراق هیچ جۆرە هەڵوێستێكی دڵخۆشكەری بۆ ئەو خەڵكە نەنواندووە، ئەوەیش دەلالەت لەوە دەكات كە حكوومەتی عێراق بە هەمان نەفەسی پێشوو مامەڵە لەگەڵ ئەو هەموو كارەساتە و خەڵكی كوردستانیشدا دەكات، جا ئەوە شەرمەزاریەكی زۆر گەورەیە و بە نێوچەوانی حكوومەتی عێراقەوەیە، كە تا ئێستا قەرەبووی كەسوكاری قوربانیانی شاری هەڵەبجەی نەكردووەتەوە، تەنانەت تاکە بریندارێکی کیمیابارانەکەیشی چارەسەر نەكردووە."
گوتیشی: "پێویست بوو حكوومەتی عێراق بە شێوەیەكی فەرمی داوای لێبوردن لە هەڵەبجەییەكان بكات، لە خەڵكی كوردستان بكات، كە ڕۆژێك لە ڕۆژان لەلایەن بەغدا چەكێك بەكار هێناوە لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی قەدەغەیە، لەلایەكی دیكەوە هەموو ئەو كیمیابارانە وەك هەڵەبجە و شێخوەسانان و ئەوانی دیكە بە جینۆساید بناسرێن، كە زۆر لە پەرلەمانەكانی ئەوروپا و جیهان بە جینۆسایدیان ناساندووە، بەڵام تا ئێستا حكوومەتی عێراق ئەوەی نەكردووە، لەلایەكی دیكەوە حكوومەتی عێراق زیانكەوتووانی ئەو چەكە لە هەڵەبجە و شارەكانی دیكەی كوردستان قەرەبوو بکاتەوە".
ڕابین شێروانی




