وەزارەتی ئەوقاف: تا ٢ ساڵی دیکە پێویستیمان بە بودجەی حکوومەت نامێنێت

هەولێر-KDP.info- سەرچاوەیەک لە لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان رایگەیاند وەزارەتەکەیان پروسەی کەمکردنەوەی خەرجی و زیادکردنی داهاتی دەستپێکردووە و لە ماوەی ٢ ساڵی داهاتوودا داهاتیان لەسەداسەد زیاد دەکات.
مەریوان نەقشبەندی بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان بۆ ناوەندی هەواڵی ئازاد رایگەیاند وەزارەتەکەیان پروسەی کەمکردنەوەی خەرجی و زیادکردنی داهاتی دەستپێکردووە و بەپێی پلانێک لە ماوەی ٢ ساڵی داهاتوودا داهاتی وەزارەت ١٠٠٪ زیاد دەکرێت.
نەقشبەندی ئاماژەی بەوە کرد کە وەک هەنگاوی یەکەم زیاتر لە ٤٠٠ کەسیان لە سەر لیستی وەزارەت لاداوە کە دەوام ناکەن یان بۆ دەرەوەی وڵات کۆچیان کردووە. هەروەها بەمەبەستی کەمکردنەوەی خەرجییەکان، ژمارەی بەڕێوەبەرەکانیان لە (٢١)ەوە بۆ ٧ بەڕێوەبەر کەمکردووەتەوە.
بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان، هەروەها ئاشکرای کرد کە بە بڕیاری وەزارەتەکەیان، بڕی سەد دۆلار وەک ڕسومات لەو کەسانە وەردەگیرێت کە سەفەری عومرە دەکەن، ئەوەش کاریگەری لەسەر زیادکردنی داهات هەیە. نەقشبەندی پێشبینی کرد بە جێبەجێکردنی ئەو پلانە، لە ماوەی ٢ ساڵدا داهاتی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بۆ ٤ ملیار دینار بەرز ببێتەوە و ئەوکات پێویستیان بە وەزارەتی دارایی نامێنیت بۆ دابینکردنی بودجە بۆ کارمەندانی وەزارەتەکەیان.
شایانی باسە، پێش ماوەیەک سەرۆکی حکوومەتی هەرێم پرۆسەیەکی چاکسازی بۆ کەمکردنەوەی خەرجی و زیادکردنی داهات لە دامودەزگاکانی حکوومەتدا ڕایگەیاند بەپێی ئەو پڕۆژەیە پێداچوونەوە بە سەرجەم سێکتەرەکانی حکوومەتدا دەکرێت.




