٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی: فۆرمۆلەكانی پێشتری پێكەوەبوون لە عێراق شكستیان هێنا

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info-  (نێچیرڤان بارزانی) ڕایگەیاند، پێش ئەوەی بڕیار لەسەر شێوەیەكی دیكەی حوكمڕانى بدێت، پێویستە حەقیقەتی عێراق لە ڕووی پێكهاتەی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی و جیۆگرافییەوە بزانرێت، چونكە فۆرمولەكانی پێشتر لە پێكەوەبوون شكستیان هێنا و هەرێمی كوردستان ئامادەیە بە گفتوگۆ لەسەر شێوازێكی دیكەی بەڕێوەبردن و حوكم و پەیوەندی، ڕێككەوتن بكات كە ببێتە مایەی خۆشی بۆ هەموو ناوچەكە.
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 16 - 3 - 2016 بە ئامادەبوونی (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆكوەزیران و ژمارەیەك لە وەزیران و پەرلەمانتارانی هەردوو حكوومەت و پەرلەمانی هەرێمی كوردستان و عێراق و، باڵیۆز و كۆنسووڵ و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی لە بەغدا و هەولێر و، كەسایەتیی ئەكادیمی و مامۆستایانی زانكۆ و ڕۆشنبیران و سیاسەتمەدارانی كوردستان و دەرەوە و خەڵكی دەڤەرەكە، لە شاری سلێمانی ڕێوڕەسمی دیداری سلێمانی بەڕێوە چوو كە ساڵانە لەلایەن زانكۆی ئەمەریكایی لە شاری سلێمانییەوە ڕێك‌دەخرێت.
لە دیدارەكەدا دوای پێشكەشكردنی چەند وتەیەك، (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان وتەیەكی پێشكەش كرد و، تیایدا جیا لە دەستخۆشیكردن لە زانكۆی ئەمەریكایی لە سلێمانی و (د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح) سەرۆكی بۆردی زانكۆی ئەمەریكایی لە سلێمانی و بەڕێوەبەرانی زانكۆ بۆ سازكردنی ئەم دیدارە، كە بە مەبەستی گفتوگۆكردن و لێكۆڵینەوە لە بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای داعشە، ئاماژەی بەوە دا كە دیدارەكە لە ڕۆژی بیست و هەشتەمین ساڵوەگەڕی كارەساتی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە سازكراوە و بەم بۆنەیەوە سەری ڕێز و نەوازشی بۆ شەهیدانی ئەو كارەساتە و هەموو شەهیدانی كوردستان دانەواند.
جەختی لەوەش كردەوە بۆ ئەوەی وەفاداری خوێن و خەونی ئەو شەهیدان بن، پێویستە هەموو لایەك بەیەكەوە كێشە ناوخۆییەكان بە زوویی و بە دیالۆگ و لێكتێگەیشتن چارەسەر بكەن، چونكە گرینگە رێككەون و پێكەوە سەركەوتنەكان بەسەر داعش و تیرۆردا تەواو بكرێن. ئەم ناكۆكیانەشی بۆ حەزی یەكترشكاندن و سەپاندنی ئیرادە گەڕاندەوە كە بەهۆیەوە خەڵكی كوردستان و دەزگاكانی تووشی ناخۆشییەكی زۆربوون و لەنێوان خراپ و خراپتردا، خراپەكە ڕوویدا و بارودۆخی سیاسیی ناوخۆی هەرێمی كوردستان لە یەكگرتوویییەكی سیاسیی كەموێنەوە، كەوتە دۆخێكی ناخۆشەوە لە كاتێكدا كوردستان لە بارودۆخێكی زۆر سەختی شەڕدابوو و پێویستی بەوەبوو بەهەموو شێوەیەك سەقامیگیرییە ناوخۆییەكەی بپارێزرێت و هاوپەیمانانیش هەر ئەوەیان بە هەموو لایەنەكانی كوردستان ڕاگەیاند.
ئەوەشی ئاشكرا كرد كە، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا، هەموو هەنگاوە پێویستە یاساییەكانی جێبەجێ كرد، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆكی تازەی هەرێمی كوردستان، بەڵام كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ڕایگەیاند كە ناتوانێ هەڵبژاردن ئەنجام بدات. هەروەها ئەنجوومەنی شوورای هەرێمی كوردستان، بەهۆی پێویستییە یاساییەكانه‌وه‌، ماوەی سەرۆكایەتیی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی درێژ كردەوە لەگەڵ پێشكەشكردنی پێشنیازێكی كراوە بۆ دەستكاریكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، بەڵام هەوڵی شكاندنی سەرۆكێك كە لە بەرەی شەڕدا بوو، هەوڵی سەپاندنی ئیرادە، پاڵپێوەنانی پەرلەمان بۆ زیاتر ئاڵۆزكردنی بارودۆخەكە لە جیاتی چارەسەركردنی و، كردنی پەرلەمان بە ناوەندێكی ئیستیفزازكردن لەو بارودۆخە هەستیارەدا، وایكرد خەڵك بكەونە ناڕەحەتییەوە بەرامبەر كاری دەزگا شەرعییەكانی و پرۆسەكە هەمووی بە ئیستیفزازكردن بەڕێوە دەبرا.
سەرۆکوەزیران دووپاتی لەوە كردەوە كە كێشەی سیاسیی ناوخۆیی لە هەموو وڵاتێك ڕوو دەدەن، بەڵام گرینگ ئەوەیە ویست و ئیرادەی چارەسەركردن هەبێت، بۆیە ئێستا كاتی ئەوەیە هەموو لایەنەكانی كوردستان ئەو ویست و ئیرادەیە بە تەواوی پیشان بدەن و پەرلەمان كارا بكرێتەوە بە شێوەیەك ببێتەوە جێگەی متمانە و مایەی ئارامی بۆ هەموو گەلی كوردستان. هەروەها گفتوگۆیەكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیشی لەو بارەوە بە ئومێدبەخش وەسف كرد و هیوای خواست گفتوگۆ و پێكەوەدانیشتن لەنێوان هەموو لایەنەكاندا بە ئامانجی چارەسەركردنی كێشەكان، دەست پێبكاتەوە. هەروەك پڕژایە سەر دروستبوونی ئیرادەیەكی سیاسی بە پشتیوانییەكی گەورەی جەماوەری بۆ چاكسازی و لەمبارەیەشەوە ئاماژەی بە هەنگاوە گرینگ و بەردەوامەكانی حكوومەت لە بوارەكانی چاكسازی و شەفافیەت كرد.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا (نێچیرڤان بارزانی) سوپاسی خۆڕاگریی گەلی كوردستان بەگشتی و بە تایبەتی فەرمانبەرانی كرد بۆ خۆڕاگرى و به‌رگه‌گرتنیان بۆ ئەو قەیرانە داراییەی ڕووی لە هەرێمی كوردستان كردووە و، كاری كردووەتە سەر گوزەران و قووتی ڕۆژانەی هەموو ماڵێك؛ دووپاتیشی كردەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە هەموو شێوەیەك لە هەوڵدایە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە، دڵنیاییشی پیشان دا كە قەیرانه‌كە تێدەپەڕێت و باری گوزەرانی خەڵكی كوردستان زۆر باش دەبێتەوە و، ئاوەدانكردنەوە و پێشكەوتنی كوردستان، زۆر باشتر دەستپێدەكاتەوە.
سەبارەت بەو مەرگەساتانەی كە تیرۆریستانی داعش بۆ كوردستان و ناوچەكە لەگەڵ خۆیدا هێنا، سەرۆکوەزیران، بەكۆمەڵكوشتنی كوردانی ئێزدی و وێرانكردنی گوڵاڵە و كۆبانێ و ڕفاندنی كچان و دایكان لە كوردانی ئێزدی، لە هەموو ئەو تاوانەی داعشی بە گەورەتر زانی كە بەسەر ناوچەكەیدا هێناون و ئاشكرایكرد كە تا ئێستا حكوومەت توانیویەتی 2,445 كەس لەو دایك و خوشكانە و منداڵەكانیان ڕزگار بكات، بەڵام هێشتا زۆری دیكەش لەبەردەستى داعشدا ماون.
هەروەك سوپاسی وڵاتانی هاوپەیمانی دژی داعش بە تایبەتی ئەمەریكای كرد بۆ پاڵپشتیكردنی هێزی پێشمەرگە لە ئاسمانەوە و جەختی لەوە كردەوە كە ئەو مەترسییە بە دەست و خوێنی پێشمەرگە و، هێزه‌كانی كوردستان لەسەر زەوی ڕێگەی لێگیرا، پێشمەرگە دوور لە ناكۆكییە سیاسییەكان و مرۆڤپارێزانە هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكانی پاراستووە و بووتە جێگەی متمانەی گەلانی ناوچەكە هەربۆیەشە ئاوارەكان لە هەموو ناوچەكانەوە ڕوو دەكەنە ئەو ناوچانەی لەژێر دەستەڵاتی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستاندان و ئەمەش جێگەی شانازییە بۆ هەموو گەلی كورد و هۆكارێكیش بوو جیهان بە شێوە جیاوازەكان پشتگیریی پێشمەرگە بكات.
لەبارەی لێكۆڵینەوە جیهانییەكانیش بۆ قۆناغی دوای تێكشاندنی داعش، ئاماژەی بە سیاسەتەكانی ناوچەكانی دەوروبەری كوردستان و توندتربوونی ململانێ تائیفییەكان كرد و دووپاتی كردەوە كە ئەم حاڵەتانە ئەوە نیشاندەدەن دروستبوونەوەی ڕێكخراوێكی هاوشێوەی داعش و وەحشیانەتریش لە داهاتوودا، ئەگەری دوور نین بۆیە بە گرینگی زانی بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەكە و جیهان لە تیرۆر، بە بایەخەوە تەماشای هێزی پێشمەرگە بكرێت.
دواتر باسی لە هۆكارەكانی بارقورسی و قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستانی كرد و هۆكارەكانی بۆ شەڕی داعش و بڕینی بوجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە و هاتنی نزیكەی ملیۆنێك و 800 هەزار ئاوارە و پەنابەری دەستی تیرۆر و دابه‌زینى نرخی نەوت و بێبەشكردنی هەرێمی كوردستان لە یەدەگی پارەی عێراق و قەرزە نێودەوڵەتییەكان، گەڕاندەوە و ئاشكرای كرد كە گەلی كوردستان چاوەڕێی ئەوە بوو، دەوڵەتانی جیهان هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكەن، بەڵام هیچ وڵاتێكی جیهان تا ئێستا هیچ یارمەتییەكی دارایی نەداوەتە هەرێمی كوردستان.
لەبارەی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداش، بەڕێز سەرۆك وەزیران ئەوەی بیرهێنایەوە كە بە شایەدیی هەموولایەك لە چەند ساڵی ڕابردوودا، حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵی زۆری دا و، زۆر سەردانی بۆ بەغدا ئەنجام دا، دەستپێشخەری و نیازپاكیی زۆری نیشان دا، بۆ ئەوەی كێشەكان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكات، بەڵام بەداخەوە هەوڵەكان بێ ئەنجام بوون و حكوومەتی عێراق ساڵ دوای ساڵ، ئیلتزاماتەكانی بەرامبەر هەرێمی كوردستان زیاتر پێشتگوێدەخات، بۆیە ئێستا لایەنەكان و گەلی كوردستانیش تەواو لە حكوومەتی عێراق بێهیوا بوون. هەروەها گوتی "ئێستایش لەبەردەم ئەم ژماره‌یه‌ له‌ بەرپرس و سەركرده‌ بەڕێزه‌كانى عێراق، كە لێرەدا ئامادەن، ڕایدەگەیه‌نین، ئێمە دەمانەوێ لەگەڵ بەغدا ڕێككەوتنمان هەبێت".
لە بەشێكی دیكەی وتەكەیدا (نێچیرڤان بارزانی) دووپاتی كردەوە پێش ئەوەی بڕیار لەسەر شێوەیەكی دیكەی حوكمڕانى بدێت، پێویستە حەقیقەتی عێراق لە ڕووی پێكهاتەی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی و جیۆگرافییەوە بزانرێت، چونكە فۆرمولەكانی پێشتر لە پێكەوەبوون شكستیان هێنا و هەرێمی كوردستان ئامادەیە بە گفتوگۆ لەسەر شێوازێكی دیكەی بەڕێوەبردن و حوكم و پەیوەندی، ڕێككەوتن بكات كە ببێتە مایەی خۆشی بۆ هەموو ناوچەكە. هەروەك ئاشكرایكرد كە هەرێمی كوردستان بووەتە قوربانیی ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە، ئەو تیرۆر و توندوتیژییەی ڕووی لە كوردستان كردووە، لە دەرەوەی كوردستانەوە بۆی هاتووە و، بەرئەنجامی ململانێ تایفی و ناوخۆییەكانی ناوچەكانی دەوروبەری كوردستانە، بەڵام بە خوێن و فیداكاریی زۆری گەلی كوردستان، ڕێگری لەو مەترسییە لەسەر كوردستان و هەموو جیهان كراوە و بۆ ئێستا و ئایندەش كوردستان خاوەن پێگەیەكی زۆر گرنگە و دەتوانێ بەردەوام ڕۆڵێكی زۆر گەورە بگێڕێت لە پاراستنی ئاسایشی ناوچەكە و جیهاندا، بۆیەش هەر دیزاینكردنەوەیەكی ناوچەكە لەهەر ڕوویه‌كەوە بێت، بەبێ بەشداریی گەلی كوردستان و دوور لە ڕه‌چاوكردنى بەرژەوەندییەكانی، سەرناكەوێت.
لە كۆتایی قسەكانیدا هیوای خواست دیداری سلێمانی سەركەوتوو بێت و گەنجانی زانكۆی ئەمه‌ریكی لە سلێمانی بەشدارییەكی كاریگەریان هەبێت لە گفتوگۆكردن لەگەڵ سیاسەتمەداران و پسپۆڕان، لە هەموو پانێلەكاندا.
دەقی وتاری بەرێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان:
میوانانی بەڕێز،
ئامادەبووانی خۆشه‌ویست،
ڕۆژتان باش..
بەناوی خۆم و كاك قوباد تاڵەبانی و حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، بەخێرهاتنتان دەكەم بۆ شاری سلێمانی، پایتەختی ڕۆشنبیریی هەرێمی كوردستان. بەخێرهاتنتان دەكەم بۆ دیداری سلێمانی، كە زانكۆی ئەمه‌ریكی لە سلێمانی ساڵانە بە شێوەیەكی زۆر سەركەوتووانە، ئەنجامی دەدات. دەستخۆشی لە برای بەڕێزم كاك د. بەرهەم ساڵح و بەڕێوەبەرانی زانكۆی ئەمه‌ریكی دەكەم لە سلێمانی، بۆ سازكردنی ئەم دیدارە گرنگە، بۆ گفتوگۆكردن و لێكۆڵینەوە سەبارەت بە بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای داعش.
بەڕێزان..
ئەمڕۆ ئێمە لە ڕۆژی مەرگەساتێكی گەورەی گەلەكەماندا لێرە كۆبووینەتەوە، كە ئەویش 28 ەمین ساڵیادی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەیە. لەم ڕۆژەدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی هەڵەبجە و، هەموو شەهیدانی كوردستان دادەنوێنین. زۆریش گرنگە هەر لەم ڕۆژەدا، بۆ ئەوەی وەفاداری خوێن و خەونی ئەو شەهیدانە بین، پێكەوە هەوڵ بدەین كێشە ناوخۆییەكانمان بە زوویی بە دیالۆگ و لێكگەیشتن چارەسەر بكەین. گرنگ نییە ئەمڕۆ ئێمە لەناو خۆماندا بەسەریەكتردا سەركەوین، گرنگ ئەوەیە ڕێككەوین و هەموومان پێكەوە سەركەوتنەكەمان بەسەر داعش و تیرۆردا تەواو بكەین، چونكە هێشتا شەڕێكی درێژمان لەپێش ماوه‌.

ئاماده‌بووانى بەڕێز..
بەداخەوە حەزی یەكترشكاندن و سەپاندنی ئیرادە، وایكرد بارودۆخی سیاسیی ناوخۆی هەرێمی كوردستان لە یەكگرتوویییەكی سیاسیی كەموێنەوە، بكەوێتە دۆخێكی ناخۆشەوە، كە بەهۆیەوە خەڵكی كوردستان و دەزگاكانی، تووشی ناخۆشییەكی زۆر بوون. ئێمە زۆر هەوڵماندا دۆخەكە نەگاتە ئەو بارودۆخە ناخۆشەی كە ڕوویدا، بەڵام بەداخەوە لەنێوان خراپ و خراپتردا، خراپەكە هەر ڕوویدا.

ئێمە لە بارودۆخێكی زۆر سەختی شەڕدا بووین، كوردستان پێویستی بەوەبوو بە هەموو شێوەیەك سەقامیگیرییە ناوخۆییەكەی بپارێزرێت، بۆ ئەوەی وڵاتەكەمان و بەرەی شەڕی دژی تیرۆر، تێكنەشكێت. هاوپەیمانانیش هەر ئەوەیان بە هەموو لایەنەكانی كوردستان ڕاگەیاند.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا، هەموو هەنگاوە پێویستە یاساییەكانی جێبەجێ كرد، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆكی تازەی هەرێمی كوردستان، بەڵام كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ڕایگەیاند كە ناتوانێ هەڵبژاردن ئەنجامبدات. هەروەها ئەنجومەنی شوورای هەرێمی كوردستان، بەهۆی پێویستییە یاساییەكانه‌وه‌، ماوەی سەرۆكایەتیی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی درێژ كردەوە، لەگەڵ ئەوەشدا پێشنیازێكی كراوەمان پێشكەش كرد بۆ دەستكاریكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، لەپێناو پاراستنی یەكڕیزیی سیاسی لەو كاتە هەستیارەدا.
بەڵام مخابن هەوڵی شكاندنی سەرۆكێك كە لە بەرەی شەڕدا بوو، هەوڵی سەپاندنی ئیرادە، پاڵپێوەنانی پەرلەمان بۆ زیاتر ئاڵۆزكردنی بارودۆخەكە لە جیاتی چارەسەركردنی و، كردنی پەرلەمان بە ناوەندێكی ئیستیفزازكردن لەو بارودۆخە هەستیارەدا، وایكرد زۆر خەڵك بكەونە ناڕەحەتییەوە بەرامبەر كاری دەزگا شەرعییەكانی. سەرەڕای هەموو هەوڵە ناوخۆییەكان بۆ دانبەخۆداگرتن و، ڕێنوێنیی هەموو دەوڵەتە دۆست و هاوپەیمانەكانمان بۆ ڕێككەوتن و پاراستنی سەقامگیریی سیاسی و ناوخۆییمان، پرۆسەكە هەمووی بە ئیستیفزازكردن بەڕێوە دەبرا.
لەگەڵ ئەوەشدا كێشەی سیاسیی ناوخۆیی لە هەموو وڵاتێك ڕوودەدەن، بەڵام گرنگ ئەوەیە ویست و ئیرادەی چارەسەركردنی كێشەكان هەبێت. ئێستا كاتی ئەوەیە هەموو لایەنەكانی كوردستان ئەو ویست و ئیرادەیە بە تەواوی پیشان بدەن و، پێكەوە دابنیشن بۆ چارەسەركردنی هەموو كێشە ناوخۆییەكان و، ڕاستكردنەوەی هەموو كەموكورتییەكان و، كاراكردنەوەی پەرلەمان، بە شێوەیەك كە ببێتەوە جێگەی متمانە و مایەی ئارامی، بۆ هەموو گەلی كوردستان.
گفتوگۆیەكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، جێگەی ئومێدن لەو بوارەدا. هیوادارین گفتوگۆ و پێكەوەدانیشتن لەنێوان هەموو لایەنەكاندا بە شێوەیەكی جددی، بە ئامانجی چارەسەركردنی كێشەكان، دەستپێبكاتەوە.
هەروەها ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە، ئیرادەیەكی سیاسی دروستبووە و دەستی بەكاركردووە بە پشتیوانییەكی گەورەی جەماوەری بۆ چاكسازی، ئەوەش یارمەتیدەرێكی زۆر گرنگە بۆ حكوومەت و حوكمڕانییەكی تەندروست لە هەرێمی كوردستاندا. ئێمە لە حكوومەت هەنگاوی گرنگمان دەستپێكردووه‌ بۆ چاكسازی و شەفافیەت و، لەو پرۆسە درێژخایەنەشدا، بەردەوام دەبین.

بەڕێزان ..
ئێمە زۆر سوپاسی خۆڕاگریی گەلی كوردستان بەگشتی و، یەك بە یەكی فەرمانبەران دەكەین بەتایبەتی، لەسەر خۆڕاگرى و به‌رگه‌گرتنیان. دەزانین قەیرانەكە زۆر قورسە، چونكە كاریكردووەتە سەر گوزەران و قووتی ڕۆژانەی هەموو ماڵێك، لەبەر ئەوەش ئەو خۆڕاگرییە، جێگەی ڕێز و پێزانینێكی یەكجار زۆرە.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە هەموو شێوەیەك لە هەوڵدایە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە، دڵنیاشین قەیرانه‌كە تێدەپەڕێت و باری گوزەرانی خەڵكی كوردستان زۆر باش دەبێتەوە و، ئاوەدانكردنەوە و پێشكەوتنی كوردستان، زۆر باشتر دەستپێدەكاتەوە. خوای گەورە، خاكێكی بەپیت و سامانێكی زۆری سروشتی و ئیرادەیەكی زۆری خۆڕاگری، بە گەلی كوردستان بەخشیوە، لەبەر ئەوەش دەتوانێ بەسەر هەموو قەیرانەكاندا سەركەوێت .
ئامادەبووانی بەڕێز..
داعش شەڕ و مەرگەساتێكی زۆر گەورەی بۆ كوردستان و ناوچەكە لەگەڵ خۆیدا هێنا و، دڕندەیی و مەترسیی ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستییە، لە ماوەیەكی كورتدا گەیشتە زۆر جێگەی جیهان. دڕەندەییەكە لە كوردستان زۆر گەورە بوو، بەتایبەتی بەكۆمەڵكوشتنی كوردانی ئێزدی و، ڕفاندنی خۆشك و دایكانی كوردی ئێزدی و، وێرانكردنی گوڵاڵە، هەروەها وێرانكردنی كۆبانێ و شنگال. بەڵام لەنێو هەموو كارە وەحشیگەرییەكانی داعشدا، ڕفاندنی كچان و دایكانمان لە كوردانی ئێزدی، لە هەموو تاوانەكان گەورەتر بوو لەسەر ئێمە. هەرچەندە تا ئێستا توانیومانە 2,445 كەس لەو دایك و خوشكانەمان و منداڵەكانیان ڕزگار بكەین، بەڵام بەداخەوە هێشتا زۆری دیكەش لەبەردەستى داعشدا ماون.
دۆستان و هاوپەیمانان، لە پێشەوەی هەمووشیان ئەمه‌ریكا، یارمەتیی گەلی كوردستانیاندا، بەتایبەتی لە ڕووی پشتیوانیی ئاسمانییەوە و، ئەوەش جێگەی سوپاسی ئێمەیە، بەڵام بە ڕاستی ئەو مەترسییە بە دەست و خوێنی پێشمەرگە و، هێزه‌كانی كوردستان لەسەر زەوی ڕێگەی لێگیرا و، بە خوێن و قارەمانییەتیی پێشمەرگە و هێزه‌كانی كوردستان، ڕێگە لە فراوانبوونی ئەو مەترسییە لەسەر ناوچەكە و، جیهان گیرا.
پێشمەرگە لە ناوچەكەدا، وەك هێزێكی نیشتمانی، بە درێژایی شەڕەكەیدا لەگەڵ داعش، لە ناكۆكییە سیاسییەكان دوور بووە و، هێزێكی مرۆڤپارێز بووە، هه‌روه‌ها بەرچاوترین ڕۆڵی هەبووە لە پاراستنی هەموو پێكهاتەكانی ناوچەكەدا. پێشمەرگە تاكە هێز و سوپایە كە جێگەی متمانەی هەموو گەلانی ناوچەكەیە. هەر لەبەر ئەوەش ئاوارەی عەرەب، توركمان، مەسیحی، سابیئە و بەهائی لە عێراق، ڕوو دەكەنە ئەو ناوچانەی كە لەژێر پاراستنی پێشمەرگە و دەسەڵاتی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندان.
ئەوە لەلایەك شانازییە بۆ گەلی كوردستان، كە بەردەوام بەها مرۆییەكانی دەپارێزێت، لەلایەكی دیكەشه‌وه‌ هەموو دەوڵەتانی هاوپەیمان ئەركدار دەكات، كە یارمەتیی بەهێزتربوون و پێشكەوتن و پرۆفیشناڵتربوونی هێزی پێشمەرگە بدەن، بەتایبەتیش كە ئێستا ئۆپەراسیۆنی گەورەی مووسڵ لەبەردەم ئێمەیە و، پێشمەرگە ئەو هێزەیە كە هەموو دانیشتووانی ناوچەكە هەستدەكەن، هەر شەڕێك پێشمەرگە تێیدا بەشدار بێت، سەركەوتنی سەربازی و سەقامگیری، بەدوادا دێت.
ئێستا لە جیهاندا لێكۆڵینەوە لەسەر ئەوە دەكرێت، ئاخۆ دوای تێكشكاندنی داعش، چۆن دەتوانرێت ڕێگە لە دروستبوونی ڕێكخراوی وەك داعش بگیرێت لە عێراق و، شوێنەكانی دیكە؟!. بەڵام بەداخەوە ئەو سیاسەتانەی لە ناوچەكانی دەوروبەری كوردستاندا پەیڕەودەكرێن و، توندتربوونی ململانێ تائیفییەكان، ئەوە نیشاندەدەن كە دروستبوونەوەی ڕێكخراوی هاوشێوەی داعش و وەحشیانەتریش لە داهاتوودا، ئەگەری دوور نین. لەبەر ئەوەش زۆر گرنگە بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەكە و جیهان لە تیرۆر، بە بایەخەوە تەماشای هێزی پێشمەرگە بكرێت.
ئاماده‌بووان و میوانانى بەڕێز..
لە ئەنجامی ڕووداوەكانی سووریا و دوای ئەوەش شەڕی داعش، جگە لە خەرجییە یەكجار زۆرەكانی شەڕ، قورساییی نزیكەی یەك ملیۆن و 800 هەزار ئاوارە و پەنابەریش، كەوتە سەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان. لەگەڵ ئەوەشدا حكوومەتی عێراق بەردەوام بوو لەسەر درێژەدان بە بڕینی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و، نەدانی بودجە و مووچەی پێشمەرگە، كە بەپێی دەستووری عێراق، پێشمەرگە بەشێكە لە هێزی نیشتمانیی عێراق. هەروەها دەوڵەتانی هاوپەیمان و لایەنە نێودەوڵەتییەكانیش، كارێكی ئەوتۆیان نەكرد كە حكوومەتی عێراق ئیلتیزاماتەكانی بەرامبەر هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكات، بەتایبەتیش بەرامبەر هێزی پێشمەرگە.
هاوكات لەگەڵ ئەوەشدا، دابه‌زینى نرخی نەوت، بێبەشكردنی هەرێمی كوردستان لە یەدەگی پارەی عێراق و قەرزە نێودەوڵەتییەكان، باری قەیرانە داراییه‌كه‌ى لەسەر خەڵكی هەرێمی كوردستان، زۆر قورستر كرد. هەروەها بەداخەوە لەو قەیرانە داراییه‌دا، هیچ وڵاتێكی جیهان، تا ئێستا هیچ یارمەتییەكی دارایی نەداوەتە هەرێمی كوردستان. لە كاتێكدا بەهۆی ئەوەی كوردستان بووەتە بەرەی پێشەوەی بەرنگاربوونەوەی تیرۆر و، بوونی ئەو هەموو ئاوارەیەی ئەو شەڕە، گەلی كوردستان چاوەڕێی ئەوە بوو، دەوڵەتانی جیهان هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكەن، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا هیچ هاوكارییەكی دارایی نەدراوەتە هەرێمی كوردستان. ئێستاش بە هەموو دەوڵەتانی هاوپەیمان دەڵێین: پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان لەو شەڕ و قەیرانە دارایییەدا، پێویستییان بە هاوكاریی داراییی ئێوەیە.

بەڕێزان..
بە شایەدیی گەلی كوردستان و هەموو دۆستانمان، لە چەند ساڵی ڕابردوودا، حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵی زۆریدا و، زۆر سەردانی بۆ بەغدا ئەنجامدا، دەستپێشخەری و نیازپاكیی زۆری نیشاندا، بۆ ئەوەی كێشەكان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكات، بەڵام بەداخەوە هەوڵەكانمان بێ ئەنجام بوون.
زۆر پێمانخۆشبوو حكوومەتی عێراق بەكردەوە كێشەكان لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان چارەسەر بكات، كەچی حكوومەتی عێراق ساڵ لە دوای ساڵ، ئیلتزاماتەكانی وەك دەوڵەت بەرامبەر هەرێمی كوردستان زیاتر پێشتگوێدەخات. دوای ئەوەی ئێمە هەموو ئامادەییەكمان نیشاندا بۆ ڕێككەوتنێكی بەكردەوە لەگەڵ بەغدا و هیچ ئەنجامێكی نەبوو، ئێستا لایەنەكان و گەلی كوردستانیش تەواو لە حكوومەتی عێراق، بێهیوا بوون. ئێستاش لەبەردەم ئەم ژماره‌یه‌ له‌ بەرپرس و سەركرده‌ بەڕێزه‌كانى عێراق، كە لێرەدا ئامادەن، ڕایدەگەیه‌نین، ئێمە دەمانەوێ لەگەڵ بەغدا ڕێككەوتنمان هەبێت.
ئێمە دەبێ واقیعى بین و حەقیقەتی عێراق بزانین لەڕووی پێكهاتەی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبییه‌وه‌، هەروەها دەبێ حەقیقەتی پێكهاتەی عێراقیش بزانین لەڕووی جوگرافییەوە، پێش ئەوەی بڕیار لەسەر شێوەیەكی دیكەی حوكمڕانى بدەینەوە لەبارەی عێراقەوە. فۆرمولەكانی پێشتر لە پێكەوەبوون شكستیان هێنا، ئێمە ئێستاش ئامادەین بە گفتوگۆ لەسەر شێوازێكی دیكەی بەڕێوەبردن و حوكم و پەیوەندی ڕێكبكەوین، كە ببێتە مایەی خۆشی بۆ هەموو ناوچەكە.
ئامادەبووانی بەڕێز..
هەرێمی كوردستان بووەتە قوربانیی ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە، ئەو تیرۆر و توندوتیژییەی ڕووی لە كوردستان كردووە، لە دەرەوەی كوردستانەوە بۆی هاتووە و، بەرئەنجامی ململانێ تایفی و ناوخۆییەكانی ناوچەكانی دەوروبەری كوردستانە، بەڵام بە خوێن و فیداكاریی زۆری گەلی كوردستان، ڕێگری لەو مەترسییە كراوە لەسەر كوردستان و هەموو جیهان.
ئێستا و لە ئایندەشدا، بۆ ئارامیی ئەو ناوچەیە، كوردستان خاوەن پێگەیەكی زۆر گرنگە و، دەتوانێ بەردەوام ڕۆڵێكی زۆر گەورە بگێڕێت لە پاراستنی ئاسایشی ناوچەكە و جیهاندا، بۆیەش هەر دیزاینكردنەوەیەكی ناوچەكە لەهەر ڕوویه‌كەوە بێت، بەبێ بەشداریی گەلی كوردستان و دوور لە ڕه‌چاوكردنى بەرژەوەندییەكانی گەله‌كه‌مان سەرناكەوێت، چونكە هەرێمی كوردستان كۆڵەگەیەكی گرنگی سەقامگیرییە لە ناوچەكەدا.
هیوادارم دیداری سلێمانی سەركەوتوو بێت و، گەنجانی زانكۆی ئەمه‌ریكی لە سلێمانی بەشدارییەكی كاریگەریان هەبێت لە گفتوگۆكردن لەگەڵ سیاسەتمەداران و پسپۆڕان، لە هەموو پانێلەكاندا.
دووبارە بەخێرهاتنتان دەكەم و، هیوادارم چەند ڕۆژێكی خۆش لەم وەرزەی بەهارەدا لە كوردستان بەسەر ببەن و، سەركەوتن بۆ هەمووتان دەخوازم.
بەخێر بێن سەرچاوان.

هەواڵی پەیوەندیدار