"بەغدا هیچی بۆ هەڵەبجە و دانیشتووانەكەی نەكردووە"

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پێشنیازێك پێشكەش بە ئەنجوومەنی نوێنەران و سەرۆككۆمار دەكات، بۆ ئەوەی كەسوكاری قوربانیانی هەڵەبجە و هەموو ئەوانەی لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا زیانیان بەر كەوتووە، قەرەبوو بكرێنەوە.
(نەجیبە نەجیب)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "پێشنیازێكم پێشكەش بە ئەنجوومەنی نوێنەران و سەرۆككۆماری عێراق كردووە، بۆ ئەوەی كەسوكاری قوربانیانی شاری هەڵەبجە و هەموو ئەو كەسانەی لەسەر دەستی ڕژێمی بەعس زیانیان بەر كەوتووە، قەرەبوو بكرێنەوە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا هیچ شتێك بۆ ئەو مەبەستە نەكراوە".
(نەجیب) گوتیشی: "تا ئێستا حكوومەتی عێراق هیچی بۆ هەڵەبجە و خەڵكی ئەو شارە نەكردووە، سەرەڕای ئەو تاوانە گەورەیەی دژی شاری هەڵەبجە ئەنجام دراوە، كە لە سەرتاسەری جیهاندا دەنگی دایەوە، پێویست بوو لەسەر حكوومەتی عێراق بە ماددی و مەعنەوی قەرەبووی خەڵكی ئەو شارە بكاتەوە، لە دوای ساڵی 2003ـوە حكوومەتی عێراق هیچ هەنگاوێكی كرداریی بۆ قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری قوربانیانی هەڵەبجە نەناوە، ڕاستە لە بوودجەی 2015 و 2016 لە پەرلەمانی عێراق بوودجەیەكی تایبەت بۆ شاری هەڵەبجە دانرا، بەڵام دوو تا سێ ملیار دینار بەشی هیچ ناكات، لەگەڵ ئەوەیشدا حكوومەتی عێراق وەك پێویست ئەو بوودجەیەی بۆ هەڵەبجە دابین نەكردووە".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەشڵێت: "پێشنیازێكم پێشكەش بە ئەنجوومەنی نوێنەران و سەرۆككۆماری عێراق كرد، بەوەی كە پێویستە خەڵكی هەڵەبجە و گەرمیان و هەموو ناوچەكانی دیكە قەرەبوو بكرێنەوە كە لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا زیانیان بەر كەوتووە، زۆریش لەسەر ئەو بابەتە ڕاوەستام بۆ ئەوەی ئەو خەڵكە قەرەبوو بكرێنەوە، بەڵام بەداخەوە هەتا هەندێك لە فراكسیۆنە كوردییەكانیش خۆیان لەو بابەتە نەكردە خاوەن، داوایشم لە سەرۆككۆمار كرد، لە ڕێگەی دەستوورەوە ئەو پێشنیازە بكاتە پڕۆژە و پێشكەشی بكات، بەڵام بێئاكام ماوەتەوە، بێگومان هەر چییەكیش بۆ خەڵكی هەڵەبجە بكرێت هەر كەمە، چونكە ئەوەی بەسەر خەڵكی ئەو شارەدا هات، كارەساتێكی كەموێنە بوو لە جیهاندا".
رابین شێروانی




