ئەنجوومەنی وەزیران: کارکردن بۆ هەڵەبجە، وەك پرەنسیپێك لە پلانی حكوومەتی هەرێمدایە

هەولێر-KDP.info- ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێ، هەر كار و خزمەتێك كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ هەڵەبجە و بریندارانی كیمیاباران و خەڵكە نیشتمانپەروەرەكەی ئەنجامی دابێت، هێشتا ئەم پارێزگا ئازیزە شایانی خزمەتی زیاتر و پرۆژەی بونیاتنانی ژێرخان و ئاوەدانكردنەوەی زیاترە و ئەم ڕاستییە وەك پرەنسیپێك لە پلانی حكوومەتی هەرێمدایە.
دەقی پەیامی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ بیست و هەشتەمین ساڵیادی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە
ئەمڕۆ 28 ساڵ بەسەر كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجەی ئازیز لەسەر دەستی ڕژێمی بەعسی شۆڤێنی، تێدەپەڕێت. هەڵەبجە كە سیمبولی مەزڵومیەت و قوربانیدانی گەلەكەمانە بە درێژایی مێژوو لە پێناو ئازادی و سەرفرازیدا، هاوكات هێمای خۆڕاگری و ئیرادەی مانەوە و خواستی ئەم گەلەیە بۆ ژیان و بونیاتنان و پێشكەوتن. سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە كە هیچ چەك و هێز و پیلانێكی دوژمنان و ناحەزان ناتوانن بەسەر ئیرادەی مانەوەی ئەم گەلە ئاشتیخواز و ژیان دۆستەدا زاڵ بن.
ئەمڕۆ لە ساتەوەختێكدا یادی ئەم كارەساتە دەكەینەوە، كە پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان بە ورەیەكی پۆڵایینەوە لە بەردەم دڕندەترین شاڵاوی شەڕانگێزی و تیرۆریستیدا بەرگری لە بوون و ئیرادەمان دەكەن بۆ ژیان و پێكەوەژیان و ئازادی و بەها بەرزەكانی مرۆڤایەتی.
وێڕای هەر كار و خزمەتێك كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ هەڵەبجە و بریندارانی كیمیاباران و خەڵكە نیشتمانپەروەرەكەی ئەنجامی دابێت، هێشتا ئەم پارێزگا ئازیزە شایانی خزمەتی زیاتر و پرۆژەی بونیاتنانی ژێرخان و ئاوەدانكردنەوەی زیاترە و ئەم ڕاستییە وەك پرەنسیپێك لە پلانی حكوومەتی هەرێمدایە.
ئاوەدان و گەشاوە و پێشكەوتووبێت پارێزگای هەڵەبجەی ئازیز. دروود بۆ گیانی پاكی شەهیدانی هەڵەبجە و گشت شەهیدانی كوردستان.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان
16 - 3 - 2016




